
ئەمڕۆ سێشەممە 2024.11.5، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە بەشداریی بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێم و جێگرى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، بە مەبەستى ئامادەکاریى بۆ پڕۆسەى سەرژمێرى گشتیى، کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى ئامارى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە بەڕێوەبەرانى گشتیی تەندروستى، پەروەردە، شارەوانییەکان، ڕۆشنبیرى و هونەر، کشتوکاڵ، سەرۆکى شارەوانى و بەرێوەبەرانى پۆلیس، پۆلیسى هاتووچۆ، ئامار، لاوان و نوێنەرانى ئاسایش و پێشمەرگە ئامادەى بوون، دواى بە دواداچوون بۆ ئەرک و کارەکانى لیژنەى ناوبراو، تاووتوێ ئامادەكارییەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ سەرژمێریی گشتیی کرا و گفتوگۆ لە بارەى پێداویستى و کەم و کوڕییەکان و چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و قۆناغەكانی کرا. هەروەها جەخت لە بەرێوەچونی سەرژمێریەکی سەرکەوتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر کرایەوە کە بەبێ جیاوازی و هیچ مەرام و مەبەستێکی سیاسی لە بەرژەوەندی گشتی دابێت.
لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا، میکانیزمی کاری لیژنەکە و هەماهەنگیان لەگەڵ فەرمانگە و دامەزراوەکانى تر خرایە ڕوو، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، تەواوى پاڵپشتى و هاوکارى پارێزگاى هەولێرى بۆ سەرخستنى ئەرک و کارەکانى لیژنەى ناوبراو دووپاتکردەوە.
جێگەى باسە بڕیار وایە ڕۆژی 20ی ئەم مانگە، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراقدا بكرێت، ئەمەش لە دوای ئەوەی 27 ساڵە سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا نەكراوە.