سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە باڵوێزی نوێی شانشینی ئیسپانیا لە عێراق كرد و چەند بابەتێكیان تاوتوێ كرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 28/10/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئەلیسیا ڕیکۆ پێرێز دێل پولگار، باڵوێزی نوێی شانشینی ئیسپانیا لە عێراق کرد، سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن بۆ باڵوێز، سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی ئیسپانیای کرد، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆریستانی داعش.
باڵوێزی ئیسپانیا جەختی لە برەودان بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە، هەروەها پیرۆزباییشی لە سەرۆکی حکوومەت کرد، بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.










