بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاشکرایکرد کە گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی قەتەر بۆ هەولێر ڕانەگیراوە و رۆژانە گەشتەکانی بەردەوامە.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە ماڵپەڕی (کوردستان24)ی ڕاگەیاندووە: “گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی قەتەر بۆ هەولێر ڕانەگیراوە و ڕۆژانە گەشتەکانی بەردەوامە.”

دەشڵێت: “هێڵی ئاسمانی قەتەر تەنیا داوای کردووە گۆڕانکاری لە کاتی گەشتەکانیدا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بکات، بەگوێرەی کارپێکردنی خشتەی زستانە، گەشتی هێڵی ئاسمانی قەتەری ڕۆژانە لە کاتژمێر حەوت دەگاتە فڕۆکەخانەی هەولێر و 8:15 خولەکیش گەشتی دەرچوونی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەبێت.”

هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەوەشی خستە روو: هێڵی ئاسمانیی قەتەری لە هەر 24 کاتژمێرێکدا مافی دوو گەشتی پێدراوە و بەردەوامیش ڕۆژانە گەشتێکی هەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24/10/2024، هێڵی ئاسمانیی قەتەر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بەهۆی بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕیاریداوە بە ڕاگرتنی (کاتی)ی گەشتەکانی بۆ هەریەک لە وڵاتانی عێراق و ئێران و لوبنان.

هێڵی ئاسمانیی قەتەر ئەوەشی خستووەتە روو، سەلامەتیی سەرنشینەکانی هەمیشە لە پێشینەی کارەکانیدا دەمێنێتەوە و بەردەوامیش دەبێت لە چاودێریکردنی دۆخەکە لە نزیکەوە.