ڕۆشنا عەلی
هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دوای بیست ڕۆژ لە بانگەشەو كاركردنی هەر لایەنێك بۆ لیست و قەوارەو كاندیدەكەی خۆی كۆتایی پێهات و كوردستان لە بۆشاییەكی یاساییەوە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەبێتەوە خاوەن پەرلەمان و حكومەتێكی نوێ.
ئەوەی لەم هەڵبژاردنە بۆ هەمووان گرنگ بوو ئەوەبوو كە ڕیژەی بەشداریی خەڵك بە ئاستێكی چاوەڕواننەكراو بەرز ببوەوە بە بەراورد بە سێ هەڵبژاردنی پێشوو هەم بۆ پەرلەمانی عێراق و بۆ هەڵبژاردنەكانی كوردستانیش، ئێستا خەڵك دەنگیدا. چوونی دەنگدەر بەرەو سندوقەكانی دەنگدان چەند گرنگە بۆ پرۆسەكە، دەبێت بەهای دەنگەكەشی لای ئەو لایەنە سیاسییە یان ئەو كاندیدە ئەوەندە گرنگ بێت بۆ ئەوەی ئەم پرۆسە دیموكراسییەی كە بینیمان كە بە كەمترین كێشەو كەمترین بەریەككەوتن و كەمترین ساختەكاری و سكاڵا تێپەڕی ببێتە كلتورێكی نیشتمانی دیموكراسی.
هەر ئەم بەشدارییە بەرفراوانە كە دوای ریفراندۆم یەكەمجارە بەم ڕێژەیە خەڵك بەشدارە، ئاڵایەكی نیشتمانیی دابەسەر تەواوی لیست و قەوارە سیاسییە كوردستانییەكان، بێگومان پڕۆسەیەكی نیشتمانیی لەمجۆرە كەس تیایدا دۆڕاو نابێت، براوە هەركێ بێت ئەركی قورستر دەبێت، ئەم هەڵبژاردنە نەخشە ڕێگای هەمووانی قورستر كردووە. ئەوەی براوەیە دەبێت دەست بەچاكسازییەكی سەرتاسەریی بكات و دەنگی دەنگدەرەكانی بكاتە هێزی چاكسازی و وەك زەخیرەی هەڵبژاردنی چوار ساڵی ئایندە هەڵیبگرێت، ئەوەشی كە ئەنجامەكەی بەدڵ بە هەمان شێوە.
ئێستا كە بەپێی ئامارە نافەرمییەكان پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێشەوەی تەواوی لایەنە بەشداربووەكانە و ئەزموونی یەكەمبوونیشی یەكەمجاری نییە، لەوە تێگەشتووە چۆن دەست بە دەنگی دەنگدەرەكانییەوە بگرێت و ئەم دەنگانە بكاتە سەنگی مەحەكی خزمەتكردنی زیاتر و ئاوڕدانەوەی باشترو كاری جدیتر، بەدواداچوونی زیاتری ئەوانەشی كە دەنگی پێنەداوە، دەبێت بەجۆرێك بەرنامەڕێژی بكات ببێتە كۆكەرەوەی تەواوی لایەنە سیاسییەكان وەك پێشتر و بگرە باشتریش.
ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەم هەڵبژاردنە لە دۆخێكدا بەڕێوەچوو كە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوپەڕی ئاڵۆزییەو ناوچەكە بەگشتی تووشی شەڕو قەیرانی زۆر بووە. لە ناو ئەم قەیرانانەدا هەرێمی كوردستان گۆشەیەكی ئارامی پێبڕاوەو خەریكی خۆ ڕێكخستنەوەو ئاوەدانییە، بەداخەوە هەرچەند زۆر لایەنی ناوخۆیی دەیانویست لەمپەر دروستبكەن و حكوومەتی عێراق هانبدەن دەستی بەسەر هەڕێمدا كراوە بكات، بەڵام ئەم پرۆسەیە كوردستانی بردە قۆناغێكی نوێ هەڵبژاردنێك بەبەرچاوی هەزاران چاودێری سیاسی وڵاتان و ناوخۆو بەسەرپەرشتی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامدرا و بووە جێگای سەرنجی میدیاكانی جیهان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان. هەردوای تەواوبوونی پڕۆسەكە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق سەرسامیی خۆی نیشاندا و ڕایگەیاند كە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە هێمنیی، سەلمێنەری شارستانییەتی خەڵكی كوردستانە ئەوەی دەكرێت ڕێگەی رووناككەرەوەیە بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان و عێراق و خەڵكی كوردستان شایستەی ئاسایش و سەقامگیری و هەموو خۆشگوزەرانییەكن.
بێگومان ئەمجۆرە باری سەرنجەی وڵاتانی دنیا و ڕیكخراوە نێودەوڵەتییە چاودێرەكان لەسەر هەڕیمی كوردستان بەڵگەی ئەوەن، كە ئێمە دەبێت لەناو خۆمان تەباو پشتئەسووربین بە میللەتەكەی خۆمان، هەر ئەوەشە كە سەرچاوەی هێزە بۆ كوردستان، بۆیە دەبێت لە كۆتاییدا بڵێین براوە تەنیا گەلی كوردستانە.