ئەمڕۆ، لەژێر چاودێری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی نەخۆشخانەی گشتیی قوشتەپە لە سنووری پارێزگای هەولێر داندرا، لە ماوەی دیاریكراوی خۆی تەواو دەكرێت و دەكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیانی ناوچەكەوە.
ئەمڕۆ شەممە 19ی 10ی 2024، پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە، كە “د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د. محەممەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و مووسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی و د. عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی بەدواداچوون و هەماهەنگی و د. جووتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و بژار مەلا خدر، قایمقامی قەزای قوشتەپە و د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و چەندان بەرپرسی دیكەی ئیداری ناوچەكە، لە ڕێوڕەسمێكدا بەردى بناغەى پڕۆژەى دروستکردنى نەخۆشخانەیەکى 50 قەرەوێڵەییان دانا، کە وەک کارێکی خێرخوازی، دەست بەدروستکردنی دەکرێت.”
ئەوەشی باس كردووە، كە “لە رێوڕەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر لەوتارێکیدا وێڕایی پیرۆزبایی لە دانیشتوانی قەزاکە، سوپاسی خێرخواز د. عوسمانی نانەکەلی کرد بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکە و ڕایگەیاند: لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بە قەزابوونی قوشتەپە، چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لەسەرجەم سێکتەرەکان ئەنجامدراوە، قەزای قوشتەپە لە ڕووى ژمارەى دانیشتووانەوە و لەڕووى جوگرافییەوە ئەو شوێنە گرنگەیە کە لەبەرنامە و پلانەکانمان بەبەردەوامى گرنگى پێ دراوە و پێ دەدرێت.”