كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، راپۆرتی داخستنی كۆتایی بۆ دەنگدانی تایبەت رادەگەیەنێت و بەپێی راپۆرتەكە لە كۆی 215 هەزار و 960 دەنگدەر، 208 هەزار و 521 دەنگدەر بەشداریان لە دەنگدانی تایبەتدا كردووە.
لە راپۆرتەكەدا  هاتووە “بەگوێرەی رێكارەكانی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024، لە بنكەكانی دەنگدان لە ناوەوە و دەرەوەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشی سندوقەكان بێ هیچ پێشێلكاریەكی ئەمنی بەرچاو داخراون.”

پڕۆسەكە بەمشێوەیەی خوارەوە بەڕێوە چووە:-

– كۆی گشتی بنكە كراوەكانی دەنگدان بریتی بوون لە 165 بنكەی دەنگدان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان.
– كۆی گشتی بنكەكانی دەنگدان 749 بنكە بووە بۆ دەنگدانی تایبەت.
– كۆی گشتی دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت 215 هەزار و 960 دەنگدەر بوون.
– كۆی گشتی دەنگدەر گەیشتە 208 هەزار و 521 كەس.
– كۆی ڕێژەی دەنگەكان بۆ دەنگی تایبەت لە 97% بووە.
– ژمارەی دەنگدەرانی پیاو گەیشتە 203 هەزار و 773 دەنگدەر.
– ژمارەی دەنگدەرانی ژن گەیشتە 4 هەزار و 748 دەنگدەر.
– ژمارەی دەنگدەرانی نەخوێندەوار گەیشتە 18 هەزار و 664 دەنگدەر.
– ژمارەی دەنگدەرانی خوێندەوار گەیشتە 189 هەزار و 857 دەنگدەر.
– ژمارەی چاودێرانی ئامادەبوو لە بنكەكانی دەنگدان 1926 چاودێر بووە.
– ژمارەی نوێنەری لایەنە سیاسیەكان كە لە بنكەكانی دەنگدان ئامادەبوون 3 هەزار و 750 كارمەند بووە.
– ژمارەی خوێندنەوەی پەنجەمۆر گەیشتە 205 هەزار و 620 پەنجەمۆر، هەروەها ژمارەی حاڵەتەكانی دەرنەچووی پەنجەمۆر گەیشتە 2901 حاڵەت.