بەڕێوەبەری ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق عێراق ئاشکرای کرد، لە هەولێر هیچ ئامێرێکیان گرفتی بۆ دروست نەبووە و هەڵبژاردنەکە زۆر بەڕێکوپێکی دەڕوات. ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، بردنە ژوورەوەی مۆبایل بۆ بنکەکانی دەنگدان به‌ ته‌واوه‌تى کۆنتڕۆڵ کراوە و ئەو دیاردەیە لای ئێمە نییه.

مەروان محەمەد ساڵح، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگەیاند: “لە پارێزگای هەولێر دەگدانی تایبەت زۆر بەباشی و بێ کێشە بەڕێوەدەچێت و هیچ گرفتیک تۆمار نەکراوە”.ٔ

ئاماژەی بەوەش دا كه‌ هیچ ئامێرێکیان گرفتی بۆ دروست نەبووە و کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان نیە، گوتیشی: “هەڵبژاردنەکە زۆر بەڕێکوپێکی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت”.

سەبارەت بە دیاردەی بردنە ژوورەوەی مۆبایل کە لە بەشێک له‌ بنكه‌كانى پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە هەیە، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری هەڵبژاردنەکان، گوتی: “بەخۆم دەگەڕێم لە بنکەکان، تاوەکو ئێستا بردنە ژوورەوەی مۆبایل بۆ ناو بنکەکان کۆنتڕۆڵ کراوە و ئەو دیاردەیە لای ئێمە نییه.”

مەروان محەمەد سالح، ڕوونیشی کردەوە ڕێژەی بەشداری دەنگدان زۆر باشه، گوتیشی:ْ”قەڵەباڵغییه‌كی زۆر هەیه و دواتر ئاماری نیوەی دەنگدان و ڕێژەی دەنگدان بڵاو دەکەینەوە”.