زانیار سەردار قڕگەیی

یەکێک لەو خاڵە سەرنجڕاکێشانەی، کە کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاندیدانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکەیان جیادەکاتەوە، سەرکەوتنی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی شار و قەزا و ناحیە و ھێنانەدیی ئارامی و ئاسایش و ئیدارەدانی شارەکانە، بەتایبەت لە سنووری ھەولێر و دھۆک و دەوروبەریان.
ھەولێر، کە گەورەترین شار و خێراترین شارە لە رووی گەشەکردن و فراوانبوون و ھەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاریدا، لەگەڵ ئەوەیشدا قەرەباڵغییەکی یەگجار زۆر ڕووی تێ کردووە، بەڵام نەک خەسڵەتە جوانەکانی لەدەست نەداوە، بەڵکوو بووە بە پێشەنگی شارەکانی عێراق و کوردستان، تەنانەت وەکوو پایتەختێکی گەشتیاریی سەرجەم وڵاتانی عەرەبی ناوبانگی پێ ڕەوا بینراوە.
کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی پارتێکی نەتەوەیی و سیاسی و خاوەن ئەزموونی وان، کە بەدرێژایی قۆناغە مێژووییەکانی گەلەکەمان ھەڵوێست و بوێرییەکانی دیار و لە بەرچاون و ھەرگیز سازشی لەسەر بستە خاکێکی کوردستان نەکردووە و نایکات، ئەمە جگە لەوەی لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان و پاراستنی سەروماڵ و کەرامەتی مرۆڤی کورد، بە ھەزاران شەھید و قوربانی داوە، خاوەنی مێژوو و قوربانیدان و شەھید و زیندانیی سیاسی و بریندار و ماندووبوونێکی زۆرە لەپێناو دۆزی رەوای کورددا، ھەرگیز سازشی لەسەر ھیچ بستە خاکێکی کوردستان نەکردووە، خاوەنی چەندین دەسکەوت و ھەوراز و نشێوی سەخت و قوربانیدانە. بەو شێوەیە، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر جیاوازە لە پارتەکانی دیکەی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان، پارتی خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژی خەبات و قوربانیدان و رۆژە سەختەکانی چیا و گوندەکانی کوردستانە و سمبولی نەتەوەیی و رێبازی ژەنەراڵ مستەفا بارزانییە، ئەو سەرۆکە بوێرەی، ھەموو ژیانی بۆ نەبەردی و قوربانیدان تەرخان کرد، لە رۆژانی حوکمڕانییشدا، کوڕەکەی سەرۆک (مەسعود بارزانی) کە پێشمەرگەیەکی کوردستانە و شانازیی بەوەوە کردووە کە لە ریزەکانی پێشمەرگە بێت و رۆژێک لە رۆژان شانازیی بە پۆستەوە نەکردووە، سەرەڕای ئەو جەماوەرە زۆرە و ئەو ھێز و نەبەردییانەی ھەیبووە، بەڵام لەخۆی بایی نەبووە. ھەربۆیە لە قۆناغی سەرۆکایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان، ئازادییەکان فراوانتر بوون و تەنانەت لەبەرامبەر ئەو ناوزڕاندن و ھێرشانەی، کە بەغدا و ھەندێک لە لایەنە سیاسییەکان دەرھەق بەم زاتەیان کردووە، ئەو ھەرگیز رۆحی تۆڵەسەندنەوە و رق و کینەی نەبووە، تەنیا مەگەر بەرامبەر نانبڕین و گەمارۆی ئابووریی سەر خەڵکی و پێشێلکردنی مافی کورد و کوردستانییەکان ھەڵوێستی توندی ھەبووبێ. ئەویش لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی کوردستانییان و قووتی خەڵکی کوردستان بووە.
ئەمڕۆ کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناو رۆژانی سەختی پاراستنی ئەزموونەکەماندا تێپەڕ دەبێ، لە لایەکەوە بەغدا و ھێزە شۆڤێنی و رەگەزپەرستەکان ھێرشی دەکەنە سەر، لە لایەکی دیکەوە ئیرھابی فکریی ناوخۆیی دەرھەق پەیڕەو دەکرێت، بەتایبەتی لە سلێمانی. بەوپێیەی (پارتی و کوردستان)، (پارتی و نەتەوەی کورد) لێک جیاناکرێنەوە، ھەربۆیە ھێرشکردنە سەر پارتی لە لایەن ھەندێ لە شۆڤێنییەکانی بەغداوە و لە لایەن ھەندێ لە گرووپی تایفەگەری و شیعەگەریی توندڕەو، ھەروەھا چەند کەسێکی ناو حزبی سیاسیی کوردستانیش رۆڵی خراپ دەگێڕن، کە ئەمانەیش مەبەست لێی ھێرشکردنە بۆ سەر کورد و کوردستان و لێدانە لە ئەزموونی سەرکەوتووی کوردستان. بەداخەوە، لە لایەکی دیکەیشەوە لەپێناو بەدەستھێنانی ئیمتیازات و دەستکەوتی تەسکی حزبایەتی، دەبینین ھەندێک لەو حزب و پارتە سیاسییانەی دیکەیش دەیانەوێت لە رێگای بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە و پڕکردنی مێشکی گەنجەکان لە کاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکاندا، ھێرشی ناڕەوا و قسە و تۆمەتی بێ بەڵگە و ھەڵبەستراو دەکەنە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردەکانی، بەمەیش سیاسەتی دوژمنانی کورد و کوردستان پەیڕەو دەکەن و خۆیان خزاندووەتە ناو کونجی ئامانجە ناشرینەکانی دوژمنانی کورد، ئەوانەی کوردیان کوشت و ماڵی کوردیان وێران کرد و دەربەدەر و قەڵاچۆیان کرد. ئەوانەی ئەمڕۆ ھەڕەشەی جددیی لەسەر کوردستان دەکەن بەوەی، نانمان دەبڕن و مووچەمان بۆ نانێرن، یا پارساڵ ھەولێری ئارام و پێشکەتوویان مووشەکباران دەکرد، پێشتریش گەمارۆی ئابووری و نەوت و کارەبایان لەسەر دانابووین، بەڵام پارتی و سەرکردایەتییەکەی توانییان خۆڕاگر بن و بەردەوام بن لە سیاسەتی حەکیمانە و سەربەستی و ئازادی مسۆگەر بکەن، ھەرواش بە پاڵپشتیی میللەت و خەمخۆرانی گەلەکەمان و دەنگدانی ھەموو تاکێکی کورد، خزمەتکارییەکانی میللەت و خەڵک بەردەوامیی بە دەستکەوتەکان دەدەن و رووبەڕووی قەیرانەکان بوونەتەوە و دەبنەوە.
سەرەڕای ھەموو ئەو قەیرانانە و ئەو ھەڕەشانەی رووبەڕووی ئەم کابینەیە بووەتەوە، بەڵام ئازایانە و خۆڕاگرانە بەردەوامیی بە خەباتی ئیداری و کار و پرۆژەی خزمەتگوزاری داوە و بە دەیان پرۆژەی گەورەی رێگاوبان و پرد و سایلۆ و چەندین بەنداوی گەورە و پۆندی ئەنجام داوە و چەندین سێکتەری گرنگی دیکەی لە بوارە جیاجیاکاندا ئەنجام داوە و بەردەوامە.
دەنگدان بە پارتی دەنگدانە بە مافە نەتەوەییەکانی کورد و گەڕانەوەی شکۆی نەتەوەیی و کەرامەتی تاکی کورد لە کەرکووک و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان. دەنگدان بە پارتی دەنگدانە بە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاریی زیاتر. سەرخستنی دەرەنجامەکانی لیستی پێشەنگی خزمەتگوزارییەکان بە دەنگی ھاووڵاتییان، ھەموو شار و قەزا و ناحیە و گوندێک ھاوشێوەی ھەولێر و دھۆک و زاخۆ و سۆران و ھەڵەبجە، ئارام و ئاوەدان دەکرێنەوە و خەڵکەکەیان دەکەونە خۆشگوزەرانییەوە.
ئەمڕۆ ھێزی پێشمەرگە، کە لە ھەموو چین و توێژێک زیاتر خزمەتی نەتەوە و ئەزموونەکەمانی کردووە و کورد و کوردستانی لە دڕندەکان پاراستووە و بە ھەزاران شەھید و قوربانی پێشکەش کوردستان کردووە، لە ھەموو چین و توێژەکان زیاتر درک بەو مەترسی و ھەڕەشانە دەکەن، کە لەسەر کوردستانە، ھەربۆیە ھەموویان لەدەوری پێشمەرگە دڵسۆز و جوامێرەکەیان (مەسعود بارزانی) کۆبوونەتەوە و سەری بەرزیان بۆ ھەڕەشەکان دانەنواندووە و (خۆ ناچەمێننەوە)، تا ھەنووکە لە سەنگەری بەرگری و شەرەف و کەرامەتدان و خەو لە چاوی خۆیان دەتۆرێنن و ھەموو ساتێک بەئاگان تا کوردستان ئارام بێت.
ھەر نەتەوەیەک قەوارە و ماف و کەرامەتی پارێزراو نەبێت، ناتوانێت دەستکەوتەکانی دیکەی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی بنیات بنێت. سەرەڕای پیلانی دەرەکی و ناوخۆیی، پارتی دیموکراتی کوردستان، کوردستانی رازاوەتر کرد خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش دەکات، عەرەبەکان شاھێدن بەوەی چ گۆڕانکارییەک کراوە، ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە و بەویژدان شاھێدن بەوەی کێ ئەو ئازادی و ئارامییەی دابین کردووە، وێڕای ھەموو ئەو قەیران و کۆسپ و لەمپەرانەی دەیھێننە بەردەم ئەم کابینەیە، بەڵام لە ماوەی حوکمڕانیی ساڵانی پێش قەیران و شەڕی داعش، بەرزبوونەوەی داھاتی تاکەکەسی و ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری و بێکارەبایی و سووتەمەنی و دروستکردنی رێگاوبانی مۆدێرن و پرد و بەرزەپرد و نۆژەنکردنەوەی بەشێکی زۆری رێگاوبانەکانی کوردستان و دروستکردنی بەنداو و سایلۆ و..ھتد، شاھێدیی خەمخۆری و کاری کەسایەتییەکانی ناو پارتی و کابینەی نۆ و سەرۆک وەزیران کاک (مەسرور بارزانی) و کادرانی پارتی بووە، پاراستنی کوردستان لە شەڕی داعش و پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتییان بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆکی پارتی بووە. بەرگریکردن و پاراستنی شکۆ و خاکی کوردستان لە سحێلا و پردێ، بەڵگەی زیندووی قارەمانێتیی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە و کادرە پارتییەکان بووە.
ھەربۆیە دەنگدان بە کاندیدانی پارتی، دەنگدانە بە راستگۆیی و خۆشگوزەرانی و کوردستانێکی ئارامتر و خۆشگوزەرانتر و رووبەڕووبوونەوەی تەواوی قەیرانەکان. پارتی و بارزانی ھەرگیز نەیانگوتووە، کەموکورتی نییە و ھەموو دەستکەوتەکانمان بەدی ھێناون، بەڵام بەڵێنیان داوە و کاری ڕۆژانە و سیاسەتەکانیشی ئەوە دەسەلمێنێت، کە لە خزمەتی بەدەستھێنانی تەواوی مافی نەتەوە و خەڵکی بەردەوام دەبن. ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی لە ناوەڕاستی رێگادایە و لەمەولا زیاتر پەرەی پێ دەدرێت. بە دەنگدانی تێکڕای پیاوان و ئافرەتان و گەنجان بەردەوامیی بەم پرۆسەیە دەدرێت، کە خزمەتی ھەمووانی تێدایە و ئایندەی نەتەوەکەمان رۆشنتر و گەشتر دەکاتەوە. بەھێزبوونی پارتی بەھێزبوونی کوردستانە لە بەغدا و دەوروبەر و ناوچەکە.
ئەمە جگە لەوەی ئەو کارنامەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کاندیدانی، زامنی سەرکەوتنی ئەو ھەوڵانەی تێدایە، کە پارتی ساڵانێکە دەستی پێکردووە و درێژەپێدەری کاروانێکە، کە بە شاھێدیی وڵاتانی دەوروبەر و جیھان، یەکێکە لە سەرکەوتووترین پرۆسەکانی ئاوەدانی و ئارامی و ئاسایش و بنیاتنانی نەتەوەیی. ئامانجی پارتی جوانکردنی پایتەخت و باشکردنی ھەموو شارەکانی دیکەیە، ئامانجی پارتی خزمەتکردنی زیاتری خەڵکە و بەدیھێنانی سەربەخۆیی ئابووری و ئارامی و ئاسایش و بنیاتنانی سەربەخۆیی کوردستانە، لە رێگەی ئەو بەڵگەنامە نێودەوڵتییەی، کە لە ٩٢.٧% گەلی کوردستان لە باشوور دەنگی پێ دا، ئەویش (ریفراندۆم) بوو.
پارتی مافی خۆیەتی شانازیی بە ئارامی و خۆشگوزەرانیی ھەولێر و دھۆک و ناوچەکانی ژێر قەڵەمڕەوییەوە بکات، بەدڵنیاییەوە ئەگەر خەڵکی ناوچەکانی دیکەیش زۆرترین متمانەی پێ بدەن، ئەوا کاروانی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و ئاسایش بۆ ئەوانیش دەستەبەر دەکات. پارتی لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و پروپاگەندە و بانگەشەی ھەڵبژاردن تەنیا بەڵێن نادات، بەڵکوو دوێنێ و مێژوو واقیعەکە دەیسەلمێنن، کە پارتی چی کردووە و چی دەکات، بەڵێنی باق و بریق و ناوزڕاندن تەنیا سەلماندنی خزمەت نەکردن و تێکەڵ نەبوونە لەگەڵ خەڵک. کاتێک سەیری کەناڵەکانی زۆر لە پارتە سیاسییەکان دەکەین، دەبینین جگە لە ناوزڕاندن و قسەی باق و بریق ھیچ کار و چالاکی و پرۆژەیەک نابینرێت، کە شیاوی باسکردن بێت. ھەربۆیە دەنگدەری کورد پێویستە لە جاران زیاتر ھۆشیارتر بن و بە قسە و بوختان و بەرنامەی فریودان ھەڵنەخەڵەتێ. پارتی مێژووی دوێنێ و ئەمڕۆی خستووەتە بەرچاوی ھەموو کەسێک، کە بەدڵنیاییەوە ئەگەر خەڵکی متمانەی پێ دا، بەردەوام دەبێ و دەبێتە ئەو خزمەتکارەی کە بارزانیی نەمر گوتی: “شانازییە بۆ مرۆڤـ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت”.
دەبا لەپێناو مەسەلەیەکی چارەنووسسازی نەتەوەییدا، دۆست و کەسوکارمان ەان بدەین و قۆڵی مەردایەتی لێ ھەڵماڵین، ھەمووان پێکەوە روو بکەینە سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆمان بدەینە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە تاکە زامنی مافەکانمانن، تاکوو ئایندەیەکی گەشتر و روونتر و سەرکەوتووتر دەستەبەر بکەین، بۆ ئەوەی لە بەغدا سەربەرزانە رووبەڕووی ناحەزانی گەلەکەمان ببینەوە و تەواوی دەستکەوتەکانمان بۆ دەستەبەر ببێت، بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک و پێشمەرگەی کوردستان مەسعود بارزانی.
ھەموو سەرکەوتن و ئاوەدانییەکی وڵات، با ھەنگاونان بێ بەرەو حوکمڕانییەکی دروست و کوردستانێکی بەھێز و سەرکەوتوو و ئاوەدان و خۆشگوزەران، ئەویش بە رێگەی دەنگدانمان بە لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان.