سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمەڵگەی پەروەردەیی (بارزانیی نەمر)ی لە هەولێر كردهوه.
ئەمڕۆ یەكشەممە 13/10/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵگەی پەروەردەیی (بارزانیی نەمر)ی لە هەولێر كردهوه و پاشان وتارێكی گرنگی پێشكهش كرد و ڕایگهیاند، ئەمڕۆ ئێمە ئەو ئازادی و ئاسایش و سەقامگیری و دەستكەوتانەی هەمانە، هەمووی لە سایەی خەبات و قوربانیدانەكانی پێشمەرگە قارەمانەكان و شەهیدە سەربەرزەكانمانە، بۆیە هیوادارم ئەم كۆمەڵگەیەش و قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەرەكانی، لە ئاست ناوی پڕشكۆی بارزانیی نەمر بن و نموونەی زیرەكی و لێهاتوویی و رەوشتبەرزی و نیشتمانپەروەری و ژینگەدۆستی بن.
سهرۆكی حكوومهت ئاماژهی بۆ ئهوهش كرد، ئێمە پێداویستیمان بە قوتابخانەی نوێ و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان هەیە، بۆ پێشخستنی كەرتی پەروەردە پێویستیمان بەوەیە كە قوتابخانەی زیاتر دروست بكەین و ئەوانەی هەشن پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەبێت، پەلەی تێدا بكەین.
ئهمهش دهقی وتارهكهی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستانه:-
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی هێژا
سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەكەم
ئەم بەیانییە هاتم و سەردانی ئەم كۆمەڵگەیەم كرد، بەڕاستی من باوەڕم نەدەكرد بەم شێوە پێشكەوتووە ئەم كۆمەڵگەیە دروست كرابێت. جێی دەستخۆشییە و جێی شانازییە. دەستخۆشی لە وەزارەتی پەروەردە و سەرپەرشتیارانی ئەم كۆمەڵگە پەروەردەییە پێشكەوتووە دەكەم كە لەسەر ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە شێوەیەكی زۆر هاوچەرخ و سەردەمیانە دروستكراوە و لە چەندین بەشی جۆراوجۆر پێكهاتووە. جگە لە لایەنی خوێندن و فێربوون، لایەنە گرنگەكانی دیكەی ژیانیش لە دروستكردنی ئەم كۆمەڵگەیە لەبەرچاو گیراوە، وەك دابینكردنی پێداویستی و دامەزراوە وەرزشی و هونەری و تەندروستییەكان، ئەمە جگە لە سیستەمی سەلامەتی و ئاگركوژێنەوە. هەروەها ڕووبەرێكی باشیش لەم كۆمەڵگەیە بۆ سەوزایی تەرخان كراوە كە ئەمانە كەشێكی لەبارتر و خۆشتر و سەرنجڕاكێشتر دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی قوتابیان زیاتر هۆگری قوتابخانە ببن و كاتێكی بەسوودی تێدا بەسەر ببەن.
ئەم كۆمەڵگەیە بە ناوی ڕێبەری نیشتمانیی گەلی كوردستان جەنابی بارزانیی نەمر كراوە، ئەو رێبەرەی هەموو ژیانی خۆی لەپێناو سەربەرزیی نەتەوەیی بەسەر برد و یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانیشی ئەوە بوو كە گەلی ئێمە بە ئازادی و سەربەرزی لە نیشتمانی خۆی، بە زمانی خۆی بخوێنێت و گەنج و لاوانی كوردستان لە رێگەی خوێندنەوە پێش بكەون و زیاتر خزمەتی نیشتمانەكەیان بكەن.
ئەمڕۆ ئێمە ئەو ئازادی و ئاسایش و سەقامگیری و دەستكەوتانەی هەمانە، هەمووی لە سایەی خەبات و قوربانیدانەكانی پێشمەرگە قارەمانەكان و شەهیدە سەربەرزەكانمانە، بۆیە هیوادارم ئەم كۆمەڵگەیەش و قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەرەكانی، لە ئاست ناوی پڕشكۆی بارزانیی نەمر بن و نموونەی زیرەكی و لێهاتوویی و رەوشتبەرزی و نیشتمانپەروەری و ژینگەدۆستی بن.
پێشتر ئاماژەم پێداوە كە ئێمە پێداویستیمان بە قوتابخانەی نوێ و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان هەیە، بۆ پێشخستنی كەرتی پەروەردە پێویستیمان بەوەیە كە قوتابخانەی زیاتر دروست بكەین و ئەوانەی هەشن پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەبێت، پەلەی تێدا بكەین. لە ساڵانی رابردووشدا سەرەڕای بارودۆخی سەختی دارایی، بەڵام چ وەكوو حكومەت، هەروەها بە هاوكاریی كەرتی تایبەتیش، توانیومانە دەیان قوتابخانەی نوێ دروست بكەین و نۆژەن بكەینەوە. لە چەند رۆژی رابردووشدا بەردی بناغەی 15 باخچە و قوتابخانەی نوێمان لە سنووری پارێزگای هەولێر دانا و لەسەر ئەم بەرنامەیەش بۆ زیاتر پەرەپێدانی كەرتی پەروەردە و خوێندن بەردەوام دەبین.
جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەكەم، بە تایبەتی سوپاسی جەنابی وەزیر دەكەم كە زۆر ماندوو بووە بەم پرۆژەیە و هیوادارم ئەم پرۆژەیە لە خزمەت گشت هاووڵاتیانی كوردستان، بە تایبەتی هاووڵاتیانی شاری هەولێری خۆشەویست بێت.
هەر سەركەوتوو بن، كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.