ئەمڕۆ یەکشەممە 29/9/2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە چوارچێوەی بانگەشەکردن و پشتیوانیکردنی لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ پیشەوەر و کاسبکارانی شاری هەولێر کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد رایگەیاند: “ئێوە دەتوانن بڕیاردەر بن و دەتوانن بڕیار لە چۆنیەتی حکوومڕانی داهاتووی هەرێمی کوردستان بدەن، رێگەی دەستنیشانکردنی حکوومڕانی و دەسەڵات دەنگدانە و لە سندووقی دەنگدان ئێوە بڕیار دەدەن کێ لە ئاستی متمانەتانە.”

گوتیشی: “هەموو لایەک ڕابردووی پارتی دەزانێت چییە و ڕێزم بۆ هەموو لایەکی سیاسیش هەیە، هەندێک ڕووداوتان بەبیر دێنمەوە کە کاریگەرییان دەبێت لەسەر ئەوەی کە ئێوە چۆن بڕیار دەدەن، پارتی لە ڕۆژی یەکەمەوە کە دامەزراوە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، چەتری پارتی فراوانە و جێگەی هەموو کەسێ و لایەنێکی تێدا دەبێتەوە، هەر کەسێک بڕوای بە دیموکراسی، داپەروەری، سەقامگیری و پاراستنی کەرامەتی خاکی کوردستان هەبێت جێگەی لە ناو پارتی دەبێتەوە، پارتی بووەتە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز بۆ هەموو گەلەکەمان، پارتی تەنیا لە قاڵبی حزبێکی سیاسییدا کەم ناکرێتەوە، پارتی خێمەیەکە کە هەموو کوردسانییەک دەتوانێت لەژێر چەتری درێژە بە خەباتی خۆی بدات.”

جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەشی بەوەدا کە دەنگدان بە پارتی، دەنگدانە بە ئاسایش و سەقامگیریی و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانیی کوردستان.

هەروەها روونیشی کردەوە: “پارتی خێمەیەكە هەموو كوردستانییەك دەتوانێ لەژێر چەتری پارتی درێژە بە خەبات و تێكۆشانی خۆی بدات، كاتێك كە كوردستان پەلامار دەدرێت، پێشڕەوی بەرگریكردن و ئەو لایەنەی كە لە سەنگەری بەرگریكردنە لە خاكی كوردستان، هەمیشە پارتی بووە و هەر پارتیش دەبێت.”

مەسرور بارزانی راشیگەیاند: “كەس با بە درووشم هەڵنەخەڵەتێت، نامەوێ بەڵێن بدەین، دەمەوێ بیرتان بێنینەوە كە چیمان كردووە؟ پارتی هیچ كاتێك بەڵێنێكی نەداوە كە جێبەجێی نەكردبێت، لەمەودواش ئەوەی كە پارتی دەیڵێ، جێبەجێی دەكات بۆیە دەتوانن متمانەی پێ بكەن.”

گوتیشی: “ئەو شوێنەی پارتی تێیدا باڵادەستە، ئاوەدانی تێدایە، ئەو شوێنەی لەمەودوا پارتی تێیدا حکوومڕان و باڵادەست دەبێت، ئاوەدانی تێیدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.”

ئاماژەشی بەوە دا: “پارتی دەورێكی سەرەكی هەبووە لەوەی ئیرادەی گەلی كوردستان بەسەر هەموو دوژمنان و ناحەزانی كوردستان سەر بكەوێت.”

جێگری سەرۆکی پارتی ئەوەشی خستە روو: “پارتی یەك ڕۆژیش ئامادە نییە خەڵك بكات بە قوربانی خۆی، بەڵكوو هەموو جارێك خۆی كردۆتە قوربانیی خەڵكی كوردستان و لەمەودواش بەم شێوەیە بەردەوام دەبێ.”