سەرۆك بارزانی لە میانی ئاهەنگی دەست پێكردنی بانگەشەی لیستی پارتی رای گەیاند: “خۆمان بۆ 20ی ئۆكتۆبەر ئامادە دەكەین و سەركەوتنی گەورە بەدەست دێنین.”

ئەمڕۆ چوارشەممە 25/9/2024، سەرۆك بارزانی لە ئاهەنگی دەستپێكردنی بانگەشەی پارتی كە لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، رای گەیاند: “خۆمان بۆ 20ی ئۆكتۆبەر ئامادە دەكەین و سەركەوتنی گەورە بەدەست دێنین.”

گوتیشی: “ئێمە دەستی برایەتی بۆ هەموو لایەك درێژ دەكەین، ئەگەر لایەنێكیش پێیوابێت بە دژایەتیی پارتی شتی دەست دەكەوێ، وابزانم ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ مێژوو و عیبرەتی بۆ خۆی لێ وەربگرێت، باشترە لەوەی سوور بێ لەسەر ئەوەی بە دژایەتیی پارتی شتی دەست دەكەوێ.”

سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوە دا: “یان هەندێك دڵیان بەوە خۆش كردووە و جار بە جار گوێمان لێ دەبێ دەڵێن پارتی باڵباڵێنی لەناوە و پارتی چەند لایەنە، پارتی یەك حزبە و یەك بڕیارە، پارتی حزبی شەهیدانە، پارتی مەسئولیەتی بەرامبەر بە خوێنی شەهیدانە، پارتی وەكوو هەر حزبێك نییە كە وەكوو خۆی بێت. ئیلتزامانی پارتی زۆر قورسە، با كەس بەو خەیاڵەدا نەبێت، چونكە زۆر كەس خەونی بەوە دەدیت كە پارتی و قیاداتی ناو پارتی جیاوازییان هەبێ یان كەلێن دروست بكەن، بەخوا خەونەكانیان بردە ناو قەبر و ئەوانەی ئێستاش هەر دەیبەنە ناو قەبر.”

هەروەها گوتیشی: “زۆرجار وەڵامنەدانەوەی خەڵكێكی بێ مەسئولیەت وەڵامدانەوەیە، وەڵامنەدانەوە خۆی وەڵامدانەوەیە. ئەگەر پێویستیش بە وەڵامدانەوە بكرێت، دەبێ مەدرووس بێ و پرس بە لێژنەی باڵای هەڵبژاردن بكرێ. ئەوەشتان لەبیر نەچێ، ئەوەی زمانی درێژە، دەستی كورتە.”

ئەوەشی خستە روو: “دەبێ هەوڵ بدرێ دوای 20ی ئۆكتۆبەر یەك پەرلەمان، یەك حكوومەت، یەك هێزی پێشمەرگە هەبێت و كۆتایی بە هەرچی كاری نایاساییە بهێندرێ.”