خەبات: ئەحمەد تاریق:- ئەمڕۆ 7 ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی گەلی کوردستان تێپەڕدەبێت، ئەم ڕۆژە لەمێژووی کوردستان بۆ هەمیشە بە پرشنگداری دەمێنێتەوە و لۆ داهاتووش دەبێت بە بنەمایەک بۆ گەیشتن بەخەونی سەربەخۆیی کوردستان. بە بۆنەی ساڵیادی ئەم ڕۆژە پرشنگدارە بۆچوونی چەند هونەرمەندێکمان وەرگرت و بەم شێوه‌ قسەیان بۆ کردین.

سەرەتا بارزان سنجاوی دەرهێنەر و ئەکتەر لە بواری فیلم و دراما، سەبارەت بە ساڵیادی و پبرۆزیی ئەم ڕۆژە لەمێژووی گەلی کورد دا گوتی: ڕیفراندۆم بۆ میللەتی کورد ڕۆژێکی مێژوویی و پڕ لەسەروەری بوو بۆ گەیشتن بە خەونی سەربەخۆیی و بۆ هەمیشە شانازی بەو ڕۆژەوە دەکەم کە دەنگم بۆی دا، ئێمەش وەک هەر میللەتێکی دیکەی دنیا مافی خۆمانە خاوەن دەوڵەت و کیانی خۆمان بین، بەڵام بەداخەوە دوژمنانی کورد ئەو مافە بۆ ئێمە بە ڕەوا نابینن، دەتوانم بڵێم ریفراندۆم یەک جار ڕوویداو بوو بە ڕووداوێکی مێژوویی و پڕ لەسەروەری بۆ ئەوانەی گوتیان بەڵێ بۆ ریفراندۆم.

دواتر هەر سەبارەت بەم باسە خاتوو شیراز حه‌سه‌ن، کە له‌ ساڵی 2009 به‌شی تیشكی ته‌واو كردووه‌ له‌ په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی سلێمانی، هه‌روه‌ها زانكۆی به‌شی زانستی كۆمپیوته‌ری ته‌واو كردووه‌، ماوه‌ی پێنج ساڵه‌ كاری دەستی و دیزاینی جل و بەرگی کوردی دەکات لە بارەی ڕیفراندۆم دەڵێت: هەرگیز ئەم ڕۆژە لەبیر ناکەم کە ڕۆژێکی جوان بوو بۆ هەموو کوردێک، هیوادارم ڕۆژێک لە ڕۆژان، سەربەخۆیی و بەرهەمی ڕیفراندمی کوردستان ببینم تا ئەو کاتەی لە ژیاندا ماوم.

هونەرمەند ڕەوا جەمال گۆرانیبێژێکی دەنگخۆش و بەتوانای شاری سلێمانییە لەم ڕووەوە گوتی: ئەو ڕۆژە هەر بەرز و پیرۆز بێت، من وەک ڕەوا جەمال هەزار جاری دیکەش ڕیفراندۆم بکرێتەوە ئامادەم بە بەڵێ بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دەنگ دەدەم. هەروەها هونەرمەند جەسام بندیان گۆرانیبیژێکی ناسراوی شاری هەولێرە ئەو دەڵێت: ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی مێژووییە بۆ هەموو کوردێک، ئەوەی خۆی بە کورد بزانێت نابێت ئەم ڕۆژەی پێ ناخۆش بێت، چونکە ڕۆژێکی مێژوویی شکۆدارە و لەیاد ناکرێت، بۆیە من هەزار جاری دیکەش ئامادەم دەنگ بدەم بە سەربەخۆیی کوردستان و بەهیوام تا لە ژیانم ئەم ڕۆژە ببینم کورد ببێت بەخاوەن دەوڵەتی خۆی.