پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك هەمیشە ڕاستگۆیانە و سەربەرزانە ڕوو لە گەلی کوردستان دەکات و پەیامی خۆی، کە پەیامی مێژوو و ئێستا و داهاتووە ڕادەگەیەنێت، پەیامێک، کە پڕە لە شانازیی مێژوویی، پڕە لە دەسكەوتەکانی ئێستا و، هەروەها پڕە لە هیوای گەورە بۆ داهاتوو.
گەلی کوردستان بە تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی و كو‌لتوورییەکانیەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان باش دەناسێت، دەزانێت، کە لە ڕۆژانی بەرگرییدا پێشمەرگەئاسا گیانی بەخشیووە و قوربانی داوە و بەرگرییەکی سەرفرازانەی کردووە، لە ڕۆژانی ئاشتی و پێکەوەژیانیشدا، دەستی تەبایی و یەکڕیزی و پێکڤەژیان بووە، لە ڕۆژانی کار و ئاوەدانی و بنیاتنانیشدا، نموونە و بەرهەمەکانی هێندە باڵان، وا بە بەرچاوی هەمووانەوەیە و پێویست بە پەسن و پێناسەکردن نییە، ئیتر ئەوە (پارتی)یە، حزبە ڕاست و ڕەوان، سەربەرز و سەرفرازە بەرهەمدارەکەی خۆتانە، بۆیە داواتان لێ دەکەین، لە ڕۆژانی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، جوانترین نموونەی بانگەشەی هەڵبژاردن پێشکەش بکەن و لە ڕۆژی چارەنووسسازیی دەنگدانیشدا، كه حه‌فته‌م‌ ساڵڕۆژی پڕ ئیفتیخاری داستانی پردێ و سحێلایه،‌ بە ویژدانی زیندووتان، بە پەنجەی مۆر و دەنگی سەربەرزانەتان، دەنگ بە لیستی خۆتان، لیستی (١٩٠)ی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن، ئەو لیستەی کە به‌ بەدرووشمى (ئارامى و ئاوەدانى، پێکەوەیى و خۆڕاگرى) گوزارشت لە ڕوانگە ڕۆشنەکانى پارتى دەکات، ئەو پارتەى بە ڕێــــبەرایەتیی (سەرۆک بارزانى)، نوێنەرایەتیی دۆزە گەورەکە دەکات، نوێنەرایەتیی سووربوونە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، هەروەها نوێنەرایەتیی شانازیی و دەسکەوتەکان و، داهاتوویه‌کی گەشتر دەکات.

دەنگدەری ئازیزی کوردستان
لە ماوەی نێوان ئەم دوو هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا، هەمووتان بینیتان، کە پارتى لە سەنگەر و چەپەرەکانی گەلەوە هاواری ڕاستیی دەکرد، بە چاوی خۆتان بینیتان، پارتى بە کردەوە شەڕی ژیان و بژێوی و مووچە و بوودجەی هەرێمی کوردستانی دەکرد، بینیتان ئەوە پارتى بوو قەوارە دەستووریى و دیموکراسییەکەى هەرێمى کوردستانى پاراست، بینیتان پارتى دەنگى كوردستانیانى گه‌یانده‌ هه‌موو جیهان، به‌ڵی بینیتان ئه‌وه‌ (پارتی دیموكراتی كوردستان) بوو بە پاڵپشتیى ئێوەى بەڕێز، (خۆنه‌چه‌ماندن)ی كرده‌ وێردی سه‌ر زمانی گه‌وره‌ و بچووك، ئارامى و ئاوەدانى، پێکەوەیى و خۆڕاگرى، کردە بەرهەمى هەمووان، ئێستایش هەموو پێکەوە، بۆ ئەوەى خەرمانى سەروەرى و دەستکەوته‌کانمان زیاتر بکەین و پەرلەمانێکى کارا و حوکمڕانییەکى سەردەمیانە و سەرتاسەریمان هەبێت، بەڵێ بۆ ئەوەی پارته‌کەتان (پارتی دیموكراتی كوردستان)، هەر لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریكردن بێت لە ژیان و دەستکەوت و چاكسازی و داهاتووی گەل، دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن، ئەو (پارتی)یەی هی هەمووانە، هی ڕەگی کوردایەتی و ڕێبازى بارزانى و ڕەنگەکانە، هی هزری پاک و هەڵوێستەکانە، هی ئەوەیە لە ڕۆژی دەنگداندا، بە کەرنەڤاڵی پڕڕەنگی دەنگەوە ویژدانی خۆمان ئاسوودە بکەین و پشت بەخوا و جەماوەرى گەلەکەمان دەنگ بە لیستی(١٩٠)ی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەین.