
یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دوو ملیۆن قوتابی بە بەشداریی زیاتر لە 170 هەزار مامۆستا روو لە ناوەندەكانی خوێندن دەكەن و جەختیش دەکاتەوە، ئامادەكارییەكانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە چەند رووێكەوە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو باشتر بووە.
یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە بۆنەی ساڵی تازەی خوێندنەوە بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: “رۆژی 25ی 9، وەكوو یەكەم رۆژی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2024- 2025 دەستنیشان كراوە، كە تیایدا نزیكەی دوو ملیۆن قوتابی و خوێندكار بە بەشداریی زیاتر لە 170 هەزار مامۆستا روو لە ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆ و پەیمانگاكان دەكەن.”
هەر بەم بۆنەیەوە، یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەكاتەوە:
1- چارەسەركردنی كێشەی مووچە و پێدانی بە شێوەیەكی مانگانە و لە كاتی خۆیدا.
2- داواكارین بەزووترین كات پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەست پێبكاتەوە.
3- وێڕای پیرۆزباییمان لە مامۆستایانی وانەبێژ بە بۆنەی بوونیان بە مامۆستای گرێبەست، داواكاریشین بەیەكجاریی بەهەمیشەیی بكرێن.
4- هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ ئەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانیش لە هەموو ئەو پێشینانەی لە بانکە فەرمییەكان دەدرێت، سوودمەند بن.
5- بەزووترین كات زەوی بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران دابەش بكرێت و راستەوخۆ خزمەتگوزارییان پێ بگەیەندرێ.
یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ئاماژەی بەوەش داوە، ئامادەكارییەكانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی نوێی خوێندن تەواو بووە، ئامادەكارییەكان لە چەند رووێكەوە بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو باشترن، بەتایبەت لە بوارەكانی چاپكردنی كتێب و دابینكردن پێدوایستییەكانی خوێندن.