بەڕێوەبەرایەتیی پۆلسی پارێزگای هەولێر سێ كەسی بە تۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی چەندان هاووڵاتییەوە دەستگیر كرد، كە بەناوی دەزگای خێرخوازییەوە پارەیان لە خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت و بەساڵاچوو دزیوە.

ئەمشەو 16ی 9ی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) دەستگیركردنی سێ كەسی ڕاگەیاند و بڵاویشی كردەوە، كە “بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، 3 تۆمەتباری بە ناوەکانی (م. م. غ) و (م. ل. ع) و (ع. م. ق) دەستگیر کرد، کە چەندین هاووڵاتیان بە ناوی دەزگای خێرخوازییەوە هەڵخەڵەتاندبوو.”

ئاماژەی بەوەش كردووە، كە “تۆمەتباران دەچوونە ماڵی هاووڵاتیانی هەژار و کەمدەرامەت و پێیان دەگوتن، کە دەزگایەکی خێرخوازی هاوکارییان دەکات و دەزگا خێرخوازییەکەش دەبەنە ماڵیان، بەڵام ئایا چەند پارەیان هەیە، دواتر فریویان دەدان و دەیانگوت بڕەپارەکە بشارنەوە با دەزگای خێرخوازی نەزانێت، بەڵام پاشان پارەکەیان لێ دەدزین و خۆیان دەشاردەوە.”

باسی لەوەش كردووە، كە “تۆمەتباران چەندین هاووڵاتی پیر و بەساڵاچوو و کەمدەرامەتیان هەڵخەڵەتاندبوو و پارەیەکی زۆریان لێ دزیبوون، ئێستا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی مادەی (444) لە یاسای سزادان دەستگیر کراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و دراونەتە دادگە.”

ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە “تۆمەتبارانی ئاماژەپێکراو، خەڵکی دەرەوەی شاری هەولێرن، بەڵام بۆ ئەم کارە دەهاتنە هەولێر و بە چەندەها شێواز خۆیان گۆڕیوە و ناسنامەیان ساختە کردووە، بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە، بەڵام خۆشبەختانە بە هۆی چاوکراوەیی پۆلیسەوە توانرا لە کەمترین ماوەدا دەستگیر بکرێن.”

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر داوا لەو هاووڵاتیانە دەكات، كە فێڵی هاوشێوەیان لێكراوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بكەن و سكاڵای یاسایی خۆیان لەو سێ تۆمەتبارە تۆمار بكەن.