وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی دابەشكردنی فۆرمی زەوی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی تایبەت بە ڕێكخراوەكان، بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 16/9/2024، وەزارەتی دارایی ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە، تێیدا هاتووە: “سەبارەت بە دابەشکردنی فۆرمی زەوی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی تایبەت بە ڕێکخراوەکان، ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە دەڵێن وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕێگرە لە پێدانی فۆرمی زەوی بەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە.”

ئەوەش خراوەتە ڕوو: “وەزارەتی دارایی و ئابووری هیچ پەیوەندییەکی بە پێدانی فۆرم و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆراندا نییە و دوور و نزیک ئێمە بەشێک نین لەو بابەتە.”

وەزارەتی دارایی باسی لەوەش كردووە: “هەموو ئەو ڕێنوێنی و ڕێکار و خاڵبەندییانەی بۆ پێدانی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان، تەواوی چین و توێژەکان دیاری کراوە لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان.”

لە ڕاگەیاندراوەكەدا جەخت لەوەش كراوەتەوە: “ئەو کەس و لایەنانەی وەزارەتی داراییان بە ڕێگری لە پێدانی فۆرمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ڕێکخراوەکان تۆمەتبار کردووە، هیچ زانیارییەكیان لەبارەی ڕێكار و شێوازی دابەشكردنی فۆرمی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا نییە و ڕاستگۆ نەبوون.”