کاروان کەریمخان
بە دڕێژایی مێژوویەکی دوور زاگرۆس وەک پڵینگخانە و ژاڵێک بووە بۆ پڵینگان. بۆیە لە هەرێمی کوردستاندا گوندێک بە ناوی پڵینگان هەیە و لە ناوچەی هەورامانیشدا گوندی پاڵنگان بە ناوبانگە، کە هەمان پڵنگانە. لەبەر ئەوەی پڵینگ گیانەوەرێکی زاگرۆسە و ژمارەیان زۆر بووە، بۆ زۆر مەبەست کەلکی لێ وەرگیراوە. بۆ وێنە، لە کۆندا پڵینگینەپۆشی هەبووە و پێستی پڵینگ لە سەردەمی پادشایی ماددا پۆششی پاشا و ژن و پیاوانی زەنگین بووە و پێستەکەی بۆ ژێر زین و کلکی بۆ جڵەو و هەوساری ئەسپی شا و خونکاران بەکار دەهات. «سامی» لەوبارەوە دەڵێ: خوریی شێران و تووکی پڵینگان – نابێ بە حەسیر نە دەشبێ بە بەڕ.
پێشتر ڕاوە پڵینگ وەک ئەستەمترین ڕاو، بەر لە دروست بوونی باڕووت، بە شیر و تیر و دەبانان بووە و دواتر بە تفەنگ ئەو ڕاوە کراوە. بەگوێرەی باوەڕی پێشینان لەبەر ئەوەی ڕاوی پڵینگ کارێکی ئەستەم بووە، ئەو دڕندەیە بە ئەهریمەن ناو براوە. بەڵام بەهۆی سیفاتە تاق و تایبەتییەکانییەوە، وەک ئوستوورەیەکی سروشتی هاتۆتە ناو باوەڕی خەڵک. بێ هەستی و تەنیایی و غار و باز و خێرایی و توانا و وزە و هێزەکەی بە مانای باوەڕبەخۆبوون و ویقاڕ و نەترسی و لەخۆبایی بوون و سەربەخۆیی دێت و خاڵەکانی سەر لەشیشی هێمای هەشیارییە. بە هۆی ئەو تایبەتمەندییانەوە لە کۆندا تیمسالی پڵینگ نیشانەی دەسەڵاتی پادشایان و هێمای هێز و ئازایەتی و سەربەخۆیی بووە. بۆیە وێنەی پڵینگ هاتۆتە ناو ئاڵا و سکە و بۆتە پەیکەرەی سەر کۆشک و بەر دەری تەلاری شاهان. زۆر جاریش پادشایان لە جیاتی ئەوەی ڕاوی پڵینگ بکەن ڕەزم و ڕاویان بە پڵینگ کردووە. لەوبارەوە لە ئەدەبیاتی کۆندا دەڵێ: “لە جیاتی هەڵدڕینی پێستی پڵینگ ئەگەر ئازای پڵینگ لە سەر کەفەڵی هەسپت دابنێ و وەک تاژی ڕاوی پێ بکە.” لە ناو ئایینەکاندا ئەوە گوتراوە کە سولەیمانی نەبی لەگەڵ پڵینگ دواوە و لە ناو شارستانییەتی ناوچەی کوردستاناتیشدا، بە تایبەتی لە لوڕستاندا، پڵینگ بە وێنەی ئیزەدبانوو بە پیرۆزی دەرکەوتووە.
لە ناو ئەفسانەکانی چینیدا ئەو باوەڕە باو بووە کە پڵینگە وحشییەکان هەموویان بە یەک شێواز دەمرن. لە ناو ئەدەبیاتی نووسراو و زارەکیی گەلاندا ناوی پڵینگ هاتۆتە ناو ئەدەبیات و لە ئەدەبیاتی نوێشدا بەرهەمی “مانگ و پڵینگ” یەکێکە لەو نموونانە. لە ناو ئەدەبیاتی کورددا خودی وشەی پڵینگ ڕیشەیەکی ئەوێستایی هەیە و بە مانای جەنگ دێت و وشەی نەبەردیش هەر لەو واژەیەوە بۆتەوە. هەر بۆیە پڵینگ لە ناو کوردەواریدا ناوێکی کوڕانەیە و وەک سیفەت بۆ کچانی ئازاش بەکار دێت. لە ناو کەلتووری کوردەواریدا پڵینگی کوێستانەکانی کوردستان بۆتە هێمای بەهێزی و جوانی و نەترسی و تەڕدەستی.
لە ئەدەبیاتی کوردیدا پڵینگ پلەیەکی تایبەتی دراوەتێ، بۆ نموونە: «حەقیقی» لە وەسفی کورداندا دەڵێ: “ئازا و بەغیرەت کوردە و دیاری – لەعنەت لە ئاهۆی نەخوێندەواری؛ بەری بەیانە و لێی وەرکەوتووە – پڵینگی بێشەی شێری خەوتووە.” هەروەها «سەید کامیلی ئیمامی» ئاوا ئامۆژگاری دەکات: “لەگەڵ دوژمن «ئیمامی» هەر وەکوو شێری ژیان وا بە – لە پێش پڕدانیان ڕاوەستە، وەک بەوری بەیان وا بە.” «پشکۆ»ش تایبەتمەندییەکی دیکەی پڵینگ دەدرکێنێ و دەڵێ: “وەک پڵینگی پڕ خەمم لێ هاتووە – ڕۆژ و شەو، هەر شوێنمە خێزر و خورنج.”
لە کۆنیشدا لە ناو بەیتی کوردیدا واژەی بەور و پڵینگ بۆ وێکچوواندن بەکار هاتووە. بۆ وێنە لە بەیتی خەزاڵە شۆڕ و لاسێدا «مەلا کەریمی فیدایی» لە زاری «ئەحمەد» لە وەسفی پاشادا دەڵێ: “بەخشندەتری لە بەحر و هەردان – ئازاتری کاتی شەڕ لە بەوران.” درێژەی دەداتێ: “دەدراوە لە سان هەر مەیدان – وەک بەوری بەیان ڕادەوەستان.” هەر بەو هەوایە «سەید نەسرەدین» لە بەیتی «محەمەد حەتەم» و «محەمەد حەنیفە»دا هەڵیدەداتێ: “…لە هەردان ڕادەمێنن – وەک پڵینگی چەنگ بە خوێنن… .” لە ناو پەندانیشدا بە کینایە دەڵێن: “پڵینگ لە هەرای ڕێوییان ناترسێ.” لە وێکچوواندندا بە کەسی گورج و بەڕاپەڕ دەڵێن: “لە بازودەوردا هەر دەڵێی پڵینگە” یان بۆ لەخۆباییبوون دەڵێن: “وەک پڵینگە”.
لە ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕیدا، بە تایبەتی لە سەردەمی پێشمەرگایەتیدا وەک چۆن دەڵێن فڵانی شێرە ئاواش دەڵێن: “فڵانەکەسە دەڵێی پڵینگی کوێستان و دارستانە،” یان دەڵێن: “هەر وەک بەوری بەیانە.” ئەو وێکچوواندنە بووە گۆرانیی نیشتیمانیی: “…پڵینگی هەردی وڵات ئەی هەڤاڵی پێشمەرگە… .” لە ئەدەبیاتی خۆڕاگری و پێشمەرگایەتیدا «هێدی» ئاوا پێشمەرگە به پڵینگی لێڕەواران دادەنێ: “پەڕکووڕی ڕەوەز، پڵینگی لێڕان – ئەستێرەی گەشی ناو شۆڕشگێڕان.” ئەمانە هەمووی نیشانەی ئەوەن کە پڵینگ گیانەوەرێکی ئەم ناوچەیە کە تێکەڵ بە باوەڕ و فەرهەنگی زاگرۆسنشینان بووە و بۆتە سەرچاوەیەکی ڕەفتاری. بۆیە پاراستنی پڵینگی کوردستان ئەرکی هەموومانە و لە هەمووانیش زیاتر ئەرکی ئەو پێشمەرگە بەوراسایانەیە کە «هێدی» لە وەسفیاندا دەڵێ: “پڵینگی سەر شاخ و هەردان – پێشمەرگە جوامێری مەردان.”
کەچی، لە ڕووی فەرهەنگییەوە ئەو کوردەی کە پڵینگی هێنابووە ناو ئەدەبیاتی خۆی، ڕووی فەرهەنگییەکەی لە ناو بیانییەکاندا گۆڕا. بۆ وێنە، «جاناتان ڕێندێل» لە کتێبی “بەو ڕیسواییە چ بووردنێک”دا دەڵێ: “…کورد تەقە لە هەر شتێک دەکات کە ببزوێت…” ئەوە خاڵێکی لاواز و نیشانەی گەشەنەسەندنی فەرهەنگییە کە دەبێ لەو سەردەمەدا ئەو دەردە پڕ ڕەنجە چارە بکرێت بۆ ئەوەی لە دیدی جیهانییاندا کورد بە مرۆڤی تەندروست ناو ببرێت. بە تایبەتی کوشتنی پڵینگ و چێژوەرگرتن لە هەبوونی پێستە پڵینگ کێشەیەکی فەرهەنگییە. ئەگەر ئەوە پێنەگەیشتوویی نەبێ حەزیارانی پێستە پڵینگ دەتوانن تابڵۆفەڕشی پڵینگ و چەرمی پڵینگ بەڕادان بدەن و بەو کارە خزمەتێکیش بە سیمبولە سروشتییەکان و هونەر و هونەرمەندان بکەن.
دیارە نیشاندەرەکانی فەرهەنگیی هەر نەتەوەیەک پەیوەندیی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بە ژینگە و سروشتەکەی. نیشتیمان بەشێکە لە شوناسی نەتەوەیی و هەموو ئەو سروشت و خاک و گیاندار و بێ گیان دەگرێتەوە. گیا و گیانلەبەرانی وڵاتی کوردستان بەگوێرەی ژینگەی وڵات بە زیندەوەری وڵاتی کوردی ناسراون. بۆ نموونە بەڕوو، ئەسپی ڕەسەنی کوردی، مریشکی کوردی، بزنە مەرەز، کەو و کەودەری و… دێنە ناو فەرهەنگی کوردی. هەبوونی دار و زیندەوەرە تایبەتەکان گەواهێکن بۆ ئەوەی بزانین ئەو خاک و کەشە وڵاتێکی جیاواز و سەربەخۆیە و جیایە لە عێراق، پڵینگ و سمۆرە و نێری و بەڕوو و دارەبەن و ماز و دارەگوێز و بەفر جیایە لە خورما و وشتر و مارمێلکە، بۆیە کوردیش عێراقی نیە.
پڵینگی کوردستان ئاماژەی ڕەسەنایەتی ئەو خاکەیە و بەشێکە لە شوناسی نیشتیمانیی کوردستان. هەبوونی پڵینگ و هەبوونی مرۆڤی نیاندەرتاڵ و نیمادی دیکەی سروشتی و فەرهەنگی، ڕەسەنایەتی و دەوڵەمەندایەتی ئەو نیشتیمانە دەگەیێنن و ماتریالی شوناس بەخشن بۆ شایی بەخۆبوونی تاکی کورد. وڵات بە هەموو شتە بێ گیان و گیاندارەکانییەوە نیشاندەرێکی گرینگی نەتەوەبوونە، کەواتە وڵاتپارێزی هەر بەرگری و دەرپەڕاندنی دوژمنی داگیرکەر نیە، بەڵکوو ئاو و خۆڵ پارێزی و ئاژەڵ پارێزیش دەگرێتەوە. لە بنەڕەتدا، خاک و تایبەتمەندییەکانی خاک و حاکمییەتێکی خۆماڵی لە سەر خاک بەیەکەوە شوناسێکی سەربەخۆ پەیدا دەکەن، بۆیە حکوومەتی کوردستان بە نیگایەکی نەتەوەیی ژینگەی وڵاتی خۆی دەپارێزێت و ئەوەی سەرپێچی لە بڕیار و یاساکانی حکوومەتی خۆی بکات زیان لە نیشتیمان و نەوەی داهاتوو دەدات.
لەگەڵ ئەوەشدا، بە هۆی کرداری نەرێنیی هەندێک کەس، ساڵانێکی زۆر بوو لەو وڵاتەدا، کە بەرێ وار و بازگەی پڵینگان بووە، کەرخی پڵینگێک بۆ سوێندێش نەدەدیترا. نەک هەر دڕندەی وەک پڵینگ تەنانەت شووریش لەو وڵاتەدا ون ببوون. بۆ وێنە، شوێنێک لە باڵەکایەتی کە ناوی دۆڵ شوور بووە ئێستا شوورێکی لێ نەماوە. چەند ساڵ پێش لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ژەهراویکردنی پڵینگێک لە دەڤەری سۆران نیشان درا، ماوەیەکیش لەمەوبەر لە ناوچەی چۆمان ورچێک کوژرا. ئەو مەترسییانەی ڕاو و ڕاپەڕاندن وای کردووە گیانەوەری کێویی وەک پڵینگ و ورچ بەرەو وڵاتانی دیکە بڕۆن کە هەمووی زیانێکی گەورەیە بۆ ژینگەی كوردستان. بە تایبەتی مەترسیی لەناوچوونی ئەو گیانلەبەرانە (Endangered) زۆرە و پڵینگی کوردستانیش وێڕای زۆر جۆری دیکەی پڵینگ کەوتۆتە ناو لیستی سووری (IUCN ). بەشێکی هۆکاری لەناوچوونی ئەو جۆرە زیندەوەرانە هەژاریی فەرهەنگییە و بەشێکیشی پەیوەندی بە بەرنامەی دامەزراوەی تایبەت بە ژینگەوە هەیە.
بەو ڕوانگەیەی کە فەرهەنگی پاراستنی سروشت بەشێکە لە پاراستنی شوناسی نەتەوەیی، دەبێ بۆ پاراستنی ئەو شوناسە پاراستنی ژینگە بکرێتە باوەڕ و ئەرزش و نۆڕمێکی گشتی. لێرەدایە کە فەرهەنگسازی ڕۆڵی خۆی دەنوێنێ. ئەو منداڵ و لاوەی فێر بکرێت کە نابێ پێ لە گوڵان بنێت، پڵینگیشی بۆ خۆشەویست دەبێت و قەت نابێتە دوژمنی وڵات و میللەتی خۆی. لە ڕووی ئەخلاقییەوە، گرینگە هەموومان ئەوە بزانین کە ئەو نیشتیمانە تەنیا هی مرۆڤ نیە و ئاژەڵەکانی بەستەزمانیش مافی ژینیان لە سەر ئەو خاکە هەیە و سروشت ماڵی گیا و گیانەوەرانیشە و ناکرێ بچینە ماڵەکەیان لەوێ دەریانپەڕێنین و لەناویان ببەین و گژ و گیا پێپەست بکەین. پێویستە بۆ دروست کردنی ئەو باوەڕ و ئەرزشە بەهادارە کاری فەرهەنگیی نۆڕمساز بکرێت بۆ ئەوەی بزانین ئاژەڵ بە زیندوویی لە کەشی ئازاددا جوانترە نەک پێستەکەی بە مردوویی. ڕاستییەکەی، لە ناو کوردەواریدا پێش بەرهەمهێنانی کەڵەکەبوو ئەو شتانە وەک نیازێکی مرۆیی بایەخدار بوون و تەنانەت گۆرانی بۆ گوتراوە: بۆ وێنە، “… ئەو کچە دە قیمەت نایە، لێم بۆتە کەوڵی دەڵەکێ… “. بەڵام ئێستا ئەو پێستانە بە مەبەستی تاکسیدێرمی (Taxidermy) بوونەتە بابەتێکی لاکچەری و لووکسی ناپێویست کە بۆ نەهێشتنیان پێویستی بە فەرهەنگسازییە. بە واتایەک، ئەگەر خەڵک نەبنە موشتەریی بەرگی چەرمینە و پێستینە ئەو ستەمە لەسەر ئەو بەستەزمانانەش کەمتر دەبێتەوە.
ئەوەی جێی ئومێدە ئێستا نەوەیەکی میهرەبانتر و گەڕیدەتر و وێبگەرد هاتۆتە دونیا و ئەو شتانەی بۆ گرینگن. جێی خۆشحاڵییە کە لەم دواییەدا لە چەند ناوچەیەکی وەک دەربەندیخان، باڵەکایەتی پڵینگ بینراوە و وەیشەک / وشەک لە چیای هەڵگۆرد و مەموور بینراوە و و ڕاو نەکراون. دیارە لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیشدا پڵینگ بینراوە و ناوی یەکێک لە پڵینگەکان پڵینگی ئارارات و یەکێکی دیکە پڵینگی ئاراسە. بەشێک لەو پڵینگانە لە پارچەیەکەوە بۆ پارچەیەکی دیکەی کوردستان دەچن و هەموو پارچەکان بە نیشتیمانی خۆیان دادنێن. ئەمساڵیش بە شێوەیەکی لەناکاوی قەلادە پڵینگێکی زاگرۆس لە بناری چیای سەفین بە چاوی کامێڕایەکی تایبەت دۆزرایەوە. هەبوونی ئەو جۆرە پڵینگە لە چیای سەفین نیشانەی سەلامەت بوونی ژینگەی ئەو دەڤەرەیە و هەروەها نیشانەی لەباربوونی تۆپۆگرافی و دۆخی ئیکۆلۆژیکی ناوچەکەیە و ڕەنگە شیاوی ئەوە بێت وەک ناوچەیەکی بیوسفێری (Biosphere) بناسرێت.
لێرەدا فەرهەنگ و یاسا و بەرنامەی پەیوەست و پێویستی حکوومەت دەوریان دەبێت. بۆ ئەم مەبەستە گرینگە دانیشتنی پسپۆڕانە لەبارەی گرینگی و چۆنیەتی پاراستنی پڵینگی کوردستان بکرێت. بۆ نموونە، لە ڕووی فەرهەنگییەوە:
– پێویستە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان ئەنجوومەنێکی پاراستنی پڵینگی کوردستان دابنێن و گرووپی خۆبەخشی پڵینگەوانان دابمەزرێنن و کاری ئاگاییبەخشی بکەن و فەرهەنگی پاراستنی ئەو پڵینگە بڵاو بکەنەوە.
– پێشوەختە گرینگە ئەو پڵینگە ناوی تایبەتی بۆ دابنرێت و بکرێتە سیمبولێکی کوردی و ناوچەیی.
– گرینگە ئەگەر کەسێکی خەڵکی ناوچەکە وێنەی پڵینگێکی گرت پەیوەندی پێوە بکرێت و خەڵات بکرێت و کاری گڕافیکی لەسەر وێنەکەی بکرێت و بڵاو بکرێتەوە. بە تایبەتی خاوەنی ئەو ڤیدیۆیەی کە پڵینگەکەی سەفینی دۆزیوەتەوە پێویستە خەڵات بکرێت و دیمانەی لەگەڵدا بکرێت و بابەتەکە پتر بە مێدیایی بکرێت.
– وێنەی گرافیکیی پڵینگەکە لە یاری و بۆنە تایبەتییەکاندا بەرجەستە بکرێتەوە. بۆ نموونە، بە شێوەی گڕافیکی بکرێتە ئاڕمی ئەو هێزە پێشمەرگەیەی کە بە ناوی پڵینگ کراوە. خەڵکەکەش دەتوانن وێنەی ئەو پڵینگە بکەنە سیمبولی گوندەکانی خۆیان و تابڵۆکەی لە شوێنە پێش چاوەکاندا هەڵواسن.
– پێویستە تیمی پسپۆڕانی شوێنەوارناسی و ئایکۆنۆلۆژی لە ڕووی نیگارگەرییەوە بەگوێرەی نیگارە و کەتیبەکان کار لە سەر وێنەی نیمادینی پڵینگی کوردستان بکەن.
– گرینگە خەڵکی ناوچەکە ڕووداوەکان بە دیتنی ئەو پڵینگە وەبیر خۆیان بێننەوە. بۆ نموونە لە داهاتوودا بڵێن ئەوێ ساڵێ کە پڵینگ لە سەفین دیترا… .
– گرینگە بەرنامەی گرووپی فێرکاریی ژینگەپارێزی گەڕۆک بۆ هەموو شار و گوندەکان دابندرێت.
– لە هەموو شارەکانی کوردستاندا سمیناری تایبەت بۆ پسپۆڕانی واری ژینگە ڕێک بخرێت و خەڵات بکرێن.
– لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکاندا، بە مەبەستی ژینگەپارێزی و میهرەبانیی لەگەڵ گیانلەبەران، گرینگییەکی زیاتر بە فەرهەنگسازی بدرێت.
– یارمەتیی ئەو کەسانە بدرێت کە بابەتی زانستی لەسەر پاراستنی ژینگە دەنووسن و وەریدەگێڕن.
– پاراستنی ژینگە بکرێتە وانە و بابەتێکی قۆناغەکانی سەرەتایی خوێندن و مەترسییەکانی دڕندەکان و چۆنیەتی خۆپاراستن لێیان بڵاو بکرێتەوە.
– گرینگە خەڵکی خۆجێیی خۆیان هەبوونی ئەو پڵینگە بە نیشانەی دەوڵەمەندبوونی ناوچەکەیان بزانن و وەک سەرمایەیەکی خۆماڵی بیپارێزن. بۆ ئەم مەبەستە، کەلتوورسازیی ناوچەیی کارێکی پێویستە بۆ ئەوەی خەڵک بزانن کە هەبوونی ئەو جۆرە ئاژەڵە لە ڕووی ئابوورییەوە لە داهاتوودا دەتوانێ ببێتە سەرچاوەیەکی گەشتیاری و ئیکۆتووریسم بۆ ئەوان و دەکرێ ڕێکخراوی وەک (UNDP) هاوکاریی زیاتری پاراستنەکەی بکات و سەبارەت بە ژینگە ناوچەکەش زیاتر پێش بکەوێت.
– پێویستە کەلتووری فڕێنەدانی زبڵ بە تایبەتی شووشە لە سروشتدا بنەجێ بکرێت بۆ ئەوەی ئاگر بەرنەبێتە شاخ و دەشتەکان و ئاژەڵەکان لەناو نەچن و نەڕۆن.
– گرینگە بە ئاگایی بەخشییەوە کار بکرێت بۆ ئەوەی پاشماوەی خواردنەکان لە نزیک گوندەکان و سروشت فڕێ نەدرێت و کێشەی زبڵ لە گوندەکان و لە ناو سروشتیشدا چارە بکرێت. خەڵکی ئەو ناوچەیە دەبێ ئەوە بزانن ئەگەر ئەو پڵینگە لەناویش نەچێ ئەگەر هەست بە مەترسی بکات ناوچەکە جێ دەهێڵێت.
پاراستنی ئەو پڵینگە نەک هەر ئەرکێکی مرۆڤایەتییە، بەڵکوو بەو پێیەی کە ئەو ئاژەڵە میراتێکی جیهانییە، دەبێ بپارێزرێت. بۆیە پاراستنی ئەو پڵینگە و جۆرەکانی دیکەی ئاژەڵە کێوییەکان لەو ناوچەیەدا دەبێ لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیدا وەک پڕۆژەیەکی گرینگی نیشتیمانی و فەرهەنگی و میراتی جیهانی لە لایەن حکوومەتەوە ببینرێت و لەو ڕوانگەیەوە ئەو خاڵانە بە هەند دابنرێن:
ئاستی ناوخۆیی
– گرینگە ڕۆژی ژینگەپارێزیی جیهانی و ڕۆژی ژینگە لە کوردستاندا بەرجەستەتر بکرێتەوە و لەو ڕۆژەدا چالاکیی فەرهەنگی بکرێت.
– دانانی بانکی زانیاری و دابین کردنی کامێرای تەڵەیی تایبەت بۆ ئاژەڵانی کێوی بۆ تۆماری زانیارییەکان کارێکی بەجێیە.
– گرینگە بەشی پاراستنی ژینگە ئاژەڵە بەرهەڕەشەکان دەستەبەندی بکات و بەپێی هەڕەشەی لەناوچوونیان بەرنامەیان بۆ دابنێت.
– گرینگیدان بە ئابووریی ناوچەیی و پشتیوانی کردن لە بەرهەمهێنانی ناوچەیی – ناوخۆیی ڕێگەیەکی دیکەیە بۆ پاراستنی ژینگە.
– گرینگە دەزگای ژینگەپارێز ئاژەڵە ماڵییەکان بیمە بکات بۆ ئەوەی ئەگەر خەسارەتێکیان لە لایەن پڵینگەوە پێ گەیشت بۆیان ببژێرێت.
– گرینگە ئەو جۆرە پڵینگەی سەفين نیشانە بکرێت و بە شێوەیەکی پسپۆڕییانە کەشی ژیانی لەبارتری لە ژینگەی خۆیدا بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی بەدوای خۆراکدا نەیێتە ناوچەی نیشتەجێی مرۆڤ. بۆ ئەم مەبەستە، دەکرێ ئەم ناوچەیە لە قۆناغی ئێمێرجێنسیدا بکرێتە ناوچەی پارێزراو و لە قۆناغی دووەمدا بکرێتە پاڕکی نیشتیمانی.
– لە جیاتی پڵینگ خستنە ناو قەفەس لە باغچەی ئاژەڵان و دانانی بارسچی (ئەوەی پڵینگ بەخێو دەکات)، باغی ئاژەڵانی کراوە دروست بکرێت کە تێیدا ئاژەڵ ئازاد بێت و مرۆڤ بە ئامرازی خۆپارێزییەوە بچێتە ناویان.
– کێشەی سەگی بەرهەڵ چارە بکرێت؛ چونکە ئەوانیش هۆیەکن بۆ نزیک بوونەوەی پڵینگ لە شوێنە نیشتەجێییەکان.
– وشکەساڵی یەکێکی ترە لە هەڕەشەکانی سەر ژیانی کێوییەکان؛ بۆیە گرینگە لە شوێنی دوورەدەست و تایبەت گۆلاوی زیاتریان بۆ لێبدرێت.
– پێویستە دەزگای نەهێشتنی مین بە هاوکاریی بەشی ژینگەپارێز بەرنامەی تایبەتییان بۆ ناوچە دەوڵەمەندەکان بە ئاژەڵی کێوی هەبێت.
– سەرپێچی کردن لە دروست کردنی خانووبەرە دەبێتە هۆی پچڕان و پارچەپارچەبوونی ژینگەی ئاژەڵانی کێوی و دەبێتە هەڕەشە بۆ نەمانیان. بۆیە پێویستە لێژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەرپێچی و زێدەڕۆیی بە هاوکاریی لێژنەیەکی پاراستنی ژینگەی ئاژەڵی کێوی بەرنامەی پێویست دابنێن.
– پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بە ڕێگەوبان لەگەڵ بەشی ژینگەپارێزیدا ڕێک بکەوێت بۆ ئەوەی ژیانگەی ئاژەڵان پارچە نەکات و ڕێگەی پەیوەندیی نێوان ئەو ئاژەڵانە دیاری بکەنەوە بۆ ئەوەی لێک دانەبڕێن و بە ڕووداوی جادەیی لەناو نەچن.
– ئەگەر کەلەشی پڵینگێک یا ئاژەڵێکی کێوی دۆزرایەوە لە لایەن پزیشکی ئاژەڵان شی بکرێتەوە بۆ ئەوەی هۆی مردنیان بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر دەرمانداو و ژەهرخواردی کرابێت لێپیچینەوە بکرێت.
– گرینگە پۆلێنی خانەی ستاندەر و ناسنامەدار (Immortalized cell line) بۆ پڵینگی کوردستان دیاری بکرێت و کاری لەسەر بکرێت و ئەنباری جینیتیکی ژینگەی کوردستان تۆمار بکرێت و لە ئایندەدا لە بانکی خانەیی هەڵبگیرێت.
– دانانی هەر کارگە و کارخانەیەک لە نزیک ژینگەی ئاژەڵی کێوی پێویستی بە لێکۆڵینەوە و ڕای بەشی ژینگەوە هەیە.
ئاستی ناوچەیی و جیهانی:
– بەر لە ناساندنی ئەو پڵینگە بە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، ناسنامەدارکردنی ناوخۆیی پڵینگی کوردستان کارێکی پێویستە بۆ ئەوەی ناسنامەی جیهانیشی بۆ دەربێت و دواتر هەوڵ بدرێت ناسنامەی جیهانیشی بۆ دەربێت.
– لە ئاستی فراوانتردا، پێویستە پاراستنی ئەو جۆرە ئاژەڵانە لە بەرنامەی ناوخۆیی دەربچێت و دەزگای هاوبەشی ناوچەیی بۆ پاراستن و ڕەهایی ئەو ئاژەڵانە ڕەچاو بکرێت. بۆ وێنە، لە کۆنوانسیۆنێکدا هاوکاریی ناوچەیی بۆ پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان ڕێک بخرێت.
– گرینگە لە وڵاتە هاوشێوەکاندا، کە ئەو جۆرە ئاژەڵانەیان لە مەترسیی لەناوچوون ڕزگار کردووە، کەلک وەربگرێت.
– پێویستە کار بکرێت بۆ ئەوەی وەک وڵاتی تانزانیا سایتێکی یۆنسکۆ بۆ بواری ژینگە لە هەرێمی کوردستاندا کارا بکرێت.
– پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک یۆنسکۆ لە هەبوونی ئەو پڵینگە لە کوردستان ئاگادار بکرێنەوە بۆ ئەوەی کاری هاوبەش بکرێت.
– گرینگە هەرێمی کوردستان، بە ناوی ئەوەی وڵاتێکی جەنگ لێدراو بووە، خۆی بگەیێنێتە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بۆ ئەوەی ببنە هاوکار بۆ پاراستنی ڕەنگاڵەی ژینگە (Biodiversity).
وێنەی گڕافیکیی پڵینگی سەفین: سیستەمی (AI) – گڕافیست: پووریا شائیبڕاهیمی- وێنەی چیای سەفین: زمناکۆ کاوانی