خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو و بە هاوتاکراویی هاوشێوەی عێراق، دابەش دەکرێت و (باسنیوز)یش وردەكارییەكەی ئاشكرا دەكات، كە مووچەی هەندێك خانەنشین لە 220 هەزار دینارەوە دەبێتە 600 هەزار دینار.

بەپێی زانیاریه‌كانی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان ، ئەو خانەنشینانەی دوای ساڵی 2014 خانەنشین بوون ساڵانەی خزمەت و بڕوانامەیان بۆ ئەژمار دەکرێت، کەمترین مووچە دەکرێت بە 500 هەزار دینار و هەرکەسێكیش مووچەکەی یەك ملیۆن دینار کەمتر بێت بڕی 100 هەزار دینار دەرماڵەی بۆ خەرج دەکرێت، كە هەندێك لە خانەنشینان ئێستا كە 220 هەزاریان هەیە، دەبێتە 600 هەزار دینار.

سیستەمی مووچەكە بەپێی ئەم هاوكێشەیە دەبێت، مووچەی خانەنشینی + دەرماڵەی خزمەت + دەرماڵەی دەوڵەت + 100 هەزار دینار.

هەروەها ئەوانەیشی پێش ساڵی 2014 خانەنشین بوونە، كەمترین مووچەیان دەبێت بە 500 هەزار دینار و بڕی 100 هەزار دیناری دەرماڵەشیان بۆ خەرج دەکرێت.

واتا ئەوانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین بوونە، بەپێی ئەو هاوكێشەیە دەبێت مووچە 500 هەزار دینار + 100 هەزار دینار زیادە، دەكاتە 600 هەزار دینار.

بەپێی زانیارییەكان ئەو خانەنشینانەی لە ژیاندا نەماون و کۆچی دواییان کردووە و میراتگر(وارس)یان هەیە، مووچەیان بەم شێوەیە دەبێت:

خانەنشینی کۆچکردوو (یەك وارس)ی هەبێت 320 هەزار دینار وەردەگرێت لەگەڵ 100 هەزار دیناری دەرماڵە.

خانەنشینی کۆچکردوو ( دوو وارس)ی هەبێت، 360 دینار وەردەگرێت لەگەڵ 100 هەزار دیناری دەرماڵە.

خانەنشینی کۆچکردوو (سێ وارس)ی هەبێت 500 هەزار دینار وەردەگرێت لەگەڵ 100 هەزار دیناری دەرماڵە.

ئەوانەی لەدوای 1ی1ی2014، خانەنشین كراون، بڕوانامەشیان بۆ ئەژمار كراوە، ئەوانەی بڕوانامەی دیبلۆمیان هەیە، 5%ی مووچەكەیان بۆ زیاد دەبێت، ئەوانەیشی بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان هەیە 10% زیاد دەبێت و بۆ ماستەر و دكتۆرا بڕەكە زیاتر دەبێت.

هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان، بەشێك بوو لەو رێكەوتنە داراییەی كە حكوومەتی هەرێمی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتیی عێراقی فیدراڵی كردوویەتی.

سارا حەمەنەجیب، بەڕێوەبەری ژمێریاریی خانەنشینیی سلێمانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “سبەی مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بە هاوتاكراوی بەغدا دەدرێت و هەموو دەرخستە و چەكەكان ئامادە كراون و دەدرێنە بانكەكان.”

ئاماژەی بەوەش دا: “بۆ هاوتاكردنەكە خانەنشینی پێشمەرگە ناگرێتەوە، بەڵام خانەنشینی سەربازی و وەزارەتی ناوخۆ دەگرێتەوە.”

سارا حەمەنەجیب، ڕوونیشی كردەو: “ئەوانەی پێش ساڵی 2014 و دوای ساڵی 2014 خانەنشین كراون هاوتاكردنەكەیان بۆ كراوە.”

ئەو بەرپرسەی ژمێریاریی خانەنشینی ئەوەشی ڕاگەیاند: “ئەو خانەنشیانەی مووچەكانیان لە ملیۆنێك دینار كەمترە، 100 هەزار دیناری گرانیی گوزەرانیان بۆ خەرج دەكرێت، بۆیە ئەوانەی مووچەیان دەبێتە 500 هەزار دینار، ئەوە ئەو 100 هەزار دینارەش دەیانگرێتەوە، ئەوانەیشی كە مووچەیان دەبێتە 320 هەزار دینار یان 360 هەزار دینار، ئەو 100 هەزار زیادەیە دەیانگرێتەوە.”

ئاشكراشی کرد و گوتی: “ئەوانەی پێش 1ی 1ی 2014، خانەنشین بوون، مووچەكانیان دەبێتە 500 هەزار دینار، ئەوانەیشی لە دوای 1ی 1ی 2014وە خانەنشین بوون، بڕوانامە و ساڵانی خزمەتیان بۆ هەژمار دەكرێت و هی ئەوان لە 500 هەزار دینار زیاتر دەكات.”

بەپێی ڕاپۆرتی وەزیری دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا 277 هەزار و 541 کەسن مووچەی خانەنشینیان هەیە و بودجەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان 54 ملیار و 208 ملیۆن دینارە.

لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە 3ی تەمووزی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردنی پێشنیازی وەزارەتی دارایی و ئابووری و تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمی كوردستانی دا بە یەکخستنی یاسای خانەنشینی لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لەپێناو بەرژەوەندیی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکوومەتی فیدراڵ.