ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی 8ی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە سوپارک پرۆنگسورە، باڵیۆزی شانشینی تایلاند لە ئوردن و عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا کرا.

باڵیۆزی تایلاند ئاماژەی بە مەبەستی سەردانەکەی دا، کە لەگەڵ شاندێکی بازرگانیی تایلاندی هاتوون، بۆ برەودان بە پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکوومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای بەرژەوەنديی هاوبەش دەربڕی.