شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان لە بەغدایە، پرسی مووچە و چەند پرسێکی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق تاوتوێ دەکەن.
شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە پێنج بەڕێوەبەری گشتی پێک دێت، شەوی ڕابردوو، (27-08-2024) گەیشتە بەغدا و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-08-2024، لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی عێراق کۆ ببێتەوە.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانی شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق، مووچەی هەردوو مانگی تەمموز و ئابی، فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 32 ڕۆژە لیستی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکانی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستە وەزارەتی دارایی عێراق تەنها 36 ملیار دیناری بۆ مووچەی ئەو مانگە خەرج کردووە.
جیا لەمەش، دوێنێ سێشەممە، 27-08-2024، وەزارەتی دارایی عێراق نزیکەی 550 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان خەرج کرد، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی ئەو مانگەی ڕەوانەی بەغدا نەکردووە.