ئاسایشی هەولێر رایدەگەیەنێت، ئەو كەسەمان دەستگیر كرد كە هێرشی كردبووە سەر كەسێك لە شوێنی كارەكەی و تەقەی كردبوو.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، لەڕێکەوتی ٢٠٢٤/٨/٢٠ تۆمەتبار (أ ، م ،ع) لە گەڕەکی هەولێری نوێی شاری هەولێر لەسەر کێشەیەکی کۆمەلاێەتی بەچەکێکی بێ مۆڵەت هێرشی کردۆتە سەر هاوڵاتیەک لەشوێنی کارەکەی و چەند فیشەکێکی تەقاندوە، لەسەر ئەم تۆمەتە بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیرمان کرد.

ئاسایش دەڵێت: داوا لە هاوڵاتیان دەکەین لەکاتی بونی هەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی پەنا نەبەنە بەکارهێنانی چەک و خۆیان کێشەکانی خۆیان یەکلای نەکەنەوە، بەڵکو بەڕێگای یاسا داوای مافی خۆیان بکەن، هەروەها هەرکەسێک چەک بەکاربهێنێت و تەقە بکات لە لایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر دەکرێت، سوپاسی هەر هاوڵاتیەک دەکەین کە پابەندە بە جێبەجێکردنی یاساوە.