جێگرى سەرۆکى لیژنەى دارایی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایدەگەیەنێت، ئەم مانگە گرفتی مووچە لە هەموو عێراق هەبووە، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونى نەختینە دەگێڕێتەوە.
ئیخڵاس دلێمى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى دارایی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، “ئەم مانگە گرفتى مووچە لە عێراق سەرتاسەرییە و بەهۆى نەبوونى نەختینەوە بووە، لەماوەى هەفتەیەکدا مووچەى سەرجەم مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەنێردرێت”.
وەک جێگرى سەرۆکى لیژنەى دارایی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئاماژەی پێداوە، بۆ مانگەکانی داهاتوو کێشەی مووچە دووبارە نابێتەوە و رێکاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە گیراوەتەبەر.
وتیشی، “ئێستا حکومەتى عێراق کێشەى کەمى پارەى نەختینەى هەیە، بابەتى مووچە پارێزراوە و لەوانەیە هەندێک دوابکەوێت، دوێنێ گوژمەیەک پارە بۆ چەند وەزارەتێکى دیاریکراو نێردرا، ناردنى پارە بەردەوام دەبێت و لەماوەى هەفتەیەکدا مووچەى سەرجەم مووچەخۆران دەنێردرێت”.