پارتی.. بەردەوامی لەسەر کاروانەکەی و جێگیرە لەسەر ڕێبازەکەی

130

جەواد مەلەکشاهی
لەم ڕۆژانەدا یادی وەرچەرخانێکی گەورە، لە کاروانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و لاپەڕەیەکی گەش و گرنگ لە مێژووی هاوچەرخی کورددا دەکەینەوە، ئەویش یادی ٧٨ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لەسەر دەستی باوکی ڕۆحی، مستەفا بارزانی و هاوڕێیە تێکۆشەرەکانی لە نەوەی یەکەمدا.

دامەزراندنی پارتی، وەک هەندێک بانگەشەی ئەوە دەکەن، کاردانەوەی ئەو بێهیواییە نەبوو، کە لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بە هۆی پیلانێکی ناوچەیی- نێودەوڵەتییەوە، باڵی بەسەر نەتەوەی کوردستانیدا کێشابوو، بەڵکو دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ داواکارییەکانی قۆناغی دوای کۆمارەکە و لێکەوتەکانی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بوو، کە سێبەری خۆی خستبووە سەر تەواوی بارودۆخ و ڕووداوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە.

پارتی؛ هەر لە کۆنگرەی یەکەمییەوە لە بەغدا لە ١٦ـی ئابی ١٩٤٦دا، ئامانجە گشتییەکان و ستراتیژە درێژخایەنەکەی خۆی لە بەرگریکردن لە دۆزی نەتەوەیی و گەیشتن بە دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ خەڵکی کوردستان، لە ڕێگەی خەباتی ئاشتیانە و گفتوگۆی شارستانی بنیاتنەر لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند و ڕەتکردنەوەی توندوتیژی وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی دیاری کرد، خاڵێکی گرنگیش کە دەبێت ئاماژەی پێ بدرێت ئەوەیە، خەباتی چەکداریی کە پارتی وەک ئامرازێکی بەرپەرچدانەوە گرتیەبەر، لەلایەن لایەنی بەرامبەرەوە بەسەریدا سەپێندرا، ئەگەر نا پارتی لە ماوەی دەیان ساڵی خەبات کردنیدا، قەت دەستپێشخەری بۆ پەنابردنە بەر چەک نەبردووە، مەگەر بۆ بەرگریکردن لە خۆی نەبێت.

پارتی؛ هەر لە کۆنگرەی یەکەمیدا، هەڵوێستی خۆی لەبارەی بزووتنەوە سیاسییەکان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دیاری کرد، جەختیشی لە سەر تەوزی پەیوەندی، گفتوگۆ و ڕاوێژی بەردەوام، بۆ دانی بڕیاری چارەنووسساز لە هەر بەشێکی ئەو وڵاتە دابەشکراوە بە پێی ڕێککەوتننامەی سایکس پیکۆ (١٩١٦) بەپێی هەلومەرجی هەر بەشێکدا کردەوە، ئەوەش لەبەر هەستیاری دۆزەکە و تەوزییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ناوچەکە، کە لەگەڵ یەک ناکۆکن و لەسەر سەرکوتکردنی گەلی کورد و لەباربردنی خواستە ڕەواکانی، بۆ بنیاتنانی قەوارەی خۆی لە ناوچەکەدا کۆکن.

لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهاندا، پارتی هەڵوێستە نەگۆڕەکانی خۆی لە بڵاوکردنەوەی گیانی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان گەلان و بەرگریکردن لە خەبات و دۆزە دادپەروەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دیاری کرد، بە تایبەتی هەڵوێستی نەگۆڕی لەسەرپرسی گەلی فەلەستین، بە بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی لەسەر خاکەکەیدا.

بەگوێرەی پێداویستییەکانی هەر قۆناغێک، پارتی شێوازەکانی خەبات و ئامرازەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی نوێ کردەوە، دوای ئەوەی لە یەکەمین کۆنگرەدا پێشنۆرە و ئامانجەکانی خۆی، بە مەبەستی گەیشتن بە دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان دیاری کرد، دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد، ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت و دەرکەوتنی زلهێزی جیهانی نوێش بۆ ڕکابەری کردنی ئەمریکا، پارتی لەسەر ڕێبازەکەی خۆی بەردەوام بوو، بەڵام شێوازی خەباتەکەی گۆڕی. دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی جەماوەریی لە بەهاری ساڵی ١٩٩٠، بڕیاری پێکهێنانی یەکەم پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم و مامەڵەکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراقی لەسەر بنەمای سیستەمی فیدراڵی دا، ئەویش بە بڕیارێک لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، کە نوێنەرایەتی دەنگی کۆمەڵگەی کوردستان دەکات.

دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری و بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسیدا، پارتی ڕۆڵیکی کارای لە نووسینەوەی دەستوور و بنیاتنانی دامودەزگاکانی دەوڵەت، لە میانی بەشداریکردنی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتدا هەبوو، بە مەبەستی بنیاتنانی دامەزراوەی میری نوێ، کە توانای بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی هەبێت و ئازادی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دابەشکردنی سەروەت و سامانی وڵاتیشی بەسەر هەموو لایەکدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانەدا بەدی بهێنێت، بەڵام ئەم ویستە نیشتمانییەی پارتی، لەلایەن هەندێ هێزی سیاسی دەست ڕۆیشتوو لە حکوومەت و پەرلەماندا، بە شێوەیەکی نەرێنی بەربەرەکانێ کرا و بە هەموو شێوەیەک هەوڵیان دا، بەهۆی گرنگییەکەی لە چارەسەرکردنی گرنگترین ڕۆژەڤەکان و کێشە ئاڵۆزەکان کە لەدوای ڕووخانی دیکتاتۆرییەوە ڕووبەڕووی عێراق بوونەوە، ڕۆڵی پارتی لە پرۆسەی سیاسیدا سنووردار بکەن.

بۆیە پارتی لەم چەند ساڵەی دواییدا، لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و ناوچەکەدا، ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بووەتەوە، بەڵام هەموو ئەو ئاڵنگاریانە نەک هەر ئامانجە چەپەڵەکانیان بەدی نەهێناوە، بەڵکو هێز، پتەوی، خۆڕاگری و ورەی جەماوەری کوردستان و گردبوونەوەی زیاتر لە جارانیان لە دەوری پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک نوێنەر و دەنگی ڕاستەقینە و داکۆکیکاریان لە ماف و بەرژەوەندییەکانیان زیاتر کردووە، بێ ئەوەی بەرامبەر هەندێ تازیاری دیاریکراودا، وەک هەندێ کردیان، سازشیان لەسەر بکات.

وا ئێمە لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان داین، کە دەکرێت بە چارەنووسساز بۆ پارتی ناودێری بکەین، ئەویش بەهۆی گەلەکۆمەی هێزە ناوخۆیی و هەرێمییەکان لە سەری و هەوڵە نائومێدکەرەکانیانە، بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵەکەی و کەمکردنەوەی هێزە جەماوەریەکەیەتی، بۆیە دەبێت جەماوەری هۆشیاری کوردستان و جەماوەری پارتی بەتایبەتی، لە ئاست بەرپرسیاریەتیدا بن و بە ویستێکی بەهێز، ورەیەکی کوردانە، ئەویش بە بەشداریکردنی کارا لە هەڵبژاردنی داهاتوو و دەنگدان بە پاڵێوراوانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتیمان)، بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی لە پەرلەمان و لێدانی دوایین مێخ لە تابوتی ئەوانەی گرەو لەسەر پاشەکشەکردنی جەماوەریەتی پارتی و دەنگەکانی لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی داهاتوودا دەکەن، بەڕووی ئاڵنگارییە گەورەکان بوەستنەوە.
و: ڕەمزی میرەکانی