پێكەوە ژیانی ئایینی لە كوردستان بەهێزتر دەبێت

348

هۆزان موئەیەد
رەگی پێكەوە ژیانی ئاینی لە كوردستان دێرینە و كۆمەڵێك پرەنسیپ و فەرهەنگ و كلتوری قوڵی لەسەر كۆمەڵگا دروست كردووە كە جیاوازی لە خودا پەرستی و رێكارە دینیەكان نەبێتە هۆكاری دووركەوتنەوە لە نێوان ئەو جیاوازیەدا، بەڵكو زیاتر پەیوەندییەكەی پتەوكردووە و سەقامگیری و ئاشتەوایی بەرپا كردووە، جگە لەوەش بووەتە سیمایەكی باش بۆ ناسینەوەی گەلی كوردستان لە ناوچەكە و لە هەموو جیهان ساڵانە ستایشی ئەو پێكەوەژیانە دەكەن.
هەندێك كردەوە و هەندێك جار قسەی كەسێك یا گروپێكی بچووك یاخود ئامانجداری نەیاری ختوكەی ئەم فەرهەنگە دەوڵەمەندەی كوردستان دەدات مانای ئەوە نییە جۆرێك لە هەنگاوی كردەیی هەیە بۆ نەهێشتن یاخود كاڵكردنەوەی ئەو فەرهەنگە، نەخێر پێكەوەژیانی ئایینی لە كوردستان هەرگیز بەم جۆرە كردەوە و قسە و بۆچوونانە پاشەكشەی پێ ناكرێت.

ئێزیدییەكان چەندجارێك بەناوی جیاواز و لە ژێر پەردەی جیاواز رووبەڕوی كوشتن و قڕكردن بوونەتەوە، كوردی موسڵمانیش بەهەمان شێوە، بەڵام هەرگیز گیانی پێكەوەژیان و قبوڵكردنی جیاوازییەكان نەبووەتە بابەتی ئەو كردەوانەی جۆرێك لە كێشە یاخود شەڕ یاخود ناشیرین كردن و هەڵمەتی دژ بە یەك بەرپا بێت.

لە هەرێمی كوردستان بە پشتبەستنی ڕەگە مێژووییەكەی پێكەوەژیان، ستراتیژیەتی حیزبی و حكومی و سەركردایەتی كورد هەیە بۆ بەهێزكردنی گیانی پێكەوەژیان لە هەموو بارێكدا، جا سیاسی بێت یاخود ئاینی یاخود نەتەوەیی یا هەر جیاوازییەك لە بیروڕاكان، بۆیە ئەگەر كەسێك گروپێك یاخود بەشێك لەو ئاینانە بریندار دەكات، پێویستە میدیا و ڕۆشنبیر و كەسایەتیە كاریگەرەكانی نێو ئەو ئاین و نەتەوە و سیاسیەكان ڕێگری بكەن لە تەشەنەكردنی ئەو بۆچوونانەی هاندەری توندوتیژین یاخود پێچەوانەی پرەنسیپەكانی پێكەوەژیانە، كوردستان بەم رەنگا و ڕەنگی ئاینی و نەتەوەیی و سیاسی و فرەیی دەمێنێتەوە و ئەوانیشی هەوڵی لاوازی كردنی دەدەن بێ سوود و بێ ئەنجام دەمێننەوە.