چوارشەممە 2024/8/14, لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شاندێکی هاوبەشی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمى كوردستان و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، دوا هەنگاو و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەو ڕێوشوێنانەی کە بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنەکە گیراونەتە بەر، باس کران.

جەخت لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و هێنانەکایەی کەشێکی ئارام بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، کرایەوە.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، شاندی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، وێڕاى خستنەڕووی ئامادەکارییەکانیان و ڕوونکردنەوەی کارەکانیان، ستايشى ڕۆڵ و هه‌وڵه‌كانى سەرۆکایەتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن کرد و ئامادەییی هەرێمی کوردستانیان بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ده‌نگدان، بە گرنگ و کاریگەر هەڵسەنگاند.