پەرلەمانتارێک ئاشکرای دەکات، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لێژنەی دارایی و حکوومەتی عێراقە و دەشڵێت: “ئەمڕۆ پرسیاری ڕاشکاوانە لەبارەی هۆکاری نەناردنی مووچەی مانگی حەوت دەکەین.”
د. خەلیل دۆسکی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕايگەیاند: “ئەمڕۆ 13ی8ی2024، لەنێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا كۆبوونەوەیەك لەنێوان لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی تایبەت بە دارایی دەكرێت و ئێمەش جەخت لەسەر ناردنی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.”
ئاماژەی بەوەش دا: “ئەوەی بە ئێمه بکرێ، بەدڵنیایی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەیکەین و داکۆکی لە ماف و شایستەی خەڵکی کوردستان دەکەین، لە كۆبوونەوەكەشدا پرسیاری ڕاشکاوانە لەبارەی هۆکاری نەناردنی مووچەی مانگی حەوت دەکەین.”
خەلیل دۆسكی ئاشکراشی کرد: “لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی و پلاندانان و نەوت و پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق و چەند بەرپرسێكی دیكە ئامادە دەبن.”
ڕوونیشی کردەوە: “بابەتی سەرەكیی كۆبوونەوەكە چەند تەورێكە، لەوانە مووچە و پرسی سیولە و بەهای دۆلار بەرامبەر دینار و جێبەجێكردنی بودجە لە سەرتاسەری عێراق.”
لە ڕۆژی 21ی تەمووزی 2024وە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی مانگی تەمووزی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی ڕادەستی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدڕاڵ كردووە.