خەبات: عەلی بانیشاری:- وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ڕایدەگەیەنێت، نزیكەی 20 هەزار زیندانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان هەن تائێستا مینحەیان وەرنەگرتووە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، بۆ گواستنەوەی مووچەی زیندانیانی سیاسی بۆ سەر حكوومەتی عێراق، لەگەڵ نوێنەرانی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا هەماهەنگی كراوە و چاوەڕێی دیاریكردنی ڕۆژێكن بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵ دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی عێراق بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆ بكەن.

سەبارەت بە گواستنەوەی مووچەی زیندانیانی سیاسی هەرێمی كوردستان بۆ سەر بەغدا، عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: هەماهەنگی و گفتوگۆ كراوە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بۆ ئەوەی لە ڕێگەی لیژنەیەكەوە كە لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان پێكهێنراوە لەگەڵ لیژنەیەكی باڵا لە حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكەین و لەگەڵ دامەزراوەی زیندانییە سیاسییەكانی عێراق گفتوگۆ بكرێت بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێكاری پێویست بۆ ((گواستنەوەی مووچەی زیندانیانی سیاسی هەرێم بۆ سەر بەغدا)).

عەبدوڵڵا حاجی مەحمود گوتیشی: لەگەڵ نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی كاتی سەردانی شاندەكە بۆ بەغدا دیاری بكرێت. ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر حكوومەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور كار بكات و عێراقێكی فیدڕاڵیی دیموكراسی بێت، نابێت جیاوازی لە نێوان گەلانی عێراق بكرێت و پێویستە ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكرێت.

لەبارەی پشتیوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە زیندانیانی سیاسی، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان گوتی: بەپێی یاسای ماف و ئیمتیازاتی زیندانی كراو و گیراوی سیاسی ژمارە 11ـی ساڵی 2011، ئەو زیندانیانەی مینحە وەردەگرن و 10 ساڵەكەیان تەواو كردووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ((سەرجەم ماف و شایستەكانیانی بۆ دابینكردون)).

بەوتەی عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، نزیكەی 20 هەزار زیندانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان هەن كە تاوەكو ئێستا مینحەیان وەرنەگرتووە. لەبارەی پێدانی زەوی بە زیندانیانی سیاسی هەرێم، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ڕایگەیاند: زیندانیانی سیاسی فەرمانی وەرگرتنی پارچەیەك زەوییان هەیە، بەڵام ((زەویەكانیان بەسەردا دابەشنەكراوە)).

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی زیندانییە سیاسییەكانی سەر بە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، زیاتر لە 21 هەزار زیندانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان هەیە. وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەڵێت ((تائێستا حكوومەتی عێراق هیچی بۆ زیندانیانی سیاسی هەرێمی كوردستان نەكردووە)).