خەبات: ڕۆشنا عەلی:- لەلێدوانێكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات د.سەیوان عەلی بریكاری وەزارەتی پەروەردەو سەرۆكی لیژنەی باڵای تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی 12 ی ئامادەیی ئاماژەی بەوەدا كە شێوازی پرسیارەكان لە نێوان خولی یەكەم و دووەم ئەوەندە جیاوازی نییەو هەردووكی دەتوانێت ئاستی قوتابی زیرەك و ناوەند و لاواز دیاریبكات وهەر بەو ستانداردە پرسیاری تاقیكردنەوەكان دانراون.
دەربارەی پرسیاری هەڵبژاردن كە ئایا تاچەند ئەم شێوازە لە پرسیار دەتوانێت بە وردی ئاستی قوتابی بۆهەر بوارێكی خوێندن دیاریبكات؟بریكاری وەزارەتی پەروەدە گوتی: هەڵبژاردن سیستەمێكی جیهانییە ئێستا لە دنیادا وەڵامدانەوەی تاقیكردنەوەكان هەڵبژاردنە و ئێمەش هەر ئەوە دەكەین بەبۆچوونی من ئەوە باشترینە لەبەر ئەوەی وەڵامەكان كۆنكرێتییە قوتابییەك ناتوانێت لاپەڕەیەك بنوسێت و ئەوەی ڕاستاندنی بۆدەكات و پێدادەچێتەوە نەزانێت مەبەستی چییە لەبەر ئەوە هەڵبژاردن باشترەو ئاستی قوتابی زۆر بەباشی دیاریدەكات.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەوان وەك سەرۆكی لیژنەی باڵا دڵنیاییان لەوە كردۆتەوە كتێب بكرێتە بنەمای دانانی پرسیارەكانی تاقیكردنەوەكان نەك مەلزەمە ئایا بنەمای دانانی پرسیارەكان كامییانە؟لەمبارەیەوە د.سەیوان بۆخەبات گوتی لە ڕێنماییەكاندا ئەوەی تیدایە كە ئەو پڕۆگرامەی دەخوێنرێت ئەوە داغڵە بۆ تاقیكردنەوەكان هەموو ساڵیك دڵنیایی دەكەینەوە كە پڕەنسیپی ئێمە لەسەر بنەمای پڕۆگرامی قوتابییەو كتێبە.
ئایا بە پێی ئەزموونی ساڵانی ڕابردووتان كە هەر سەرۆكی لیژنەی باڵا بوون ئەو وانانەی كە رێژەی دەرچوونییان زۆر كەم بووە بەرز ببێتەوە لە خولی دووەم؟ سەرۆكی لیژنەی باڵا بۆخەبات گوتی:ئەوەش دەكەوێتە سەر ئەوەی ئاستی قوتابی چۆن دەبێت وەك دەزانین ئەگەر بۆنمونە پار و پێرار ئاستی سلێمانی بەرز بووبێت تێبینی ئەوە دەكەم كە بەهۆی ئەو بایكۆتەوە نزم بوو بێتەوە یەكەمەكان پێوەر نین لەوەی چەندی لەوێ هەیە، بەڵام ئاستی گشتی دەرچوون هاتۆتە خوارەوە ئەمە ئەوە دەردەخات كە بایكۆت كاریگەری راستەوخۆی هەیووە،ئەوانەی یەكەمیش بوون ئەوانەن كە قوتابخانەكانییان دەوامییان كردووە ئەوانەی دەرنەچوون دەوامییان نەكردووە، ئیمە ئەگەر بمانەویت ئاستی گشتی قوتابییان بەرز بكەینەوە دەبێت هەموو قوتابییان بەشێوەیەكی یەكسان و باش وانەیان پیبوترێت خۆیان دەبێت دەوام بكەن بۆ ئەوەی ئەو پڕۆگرامەی هەیە تەواوی بكەن.