ئەمشەو بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاو كردەوە.
لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە: “دوای بڵاوبوونەوەی وێنە و لێدوانی هاووڵاتییەک بە ناوی سەریاس عەونی، کە گوایە لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستدرێژیی کراوەتە سەر، بۆ هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین، ڕاستی ڕووداوەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و کەسییە لە نێوان سەریاس عەونی و کارمەندێکی بنکەیەکی ئاسایش و لە ئەنجامی دەمەقاڵێی نێوانیان بە شەڕ هاتوون.”
دەشڵێ: “دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە، بەرێوەبەرایەتییەکەمان هەڵساوە بە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لە بەرامبەر ئەو کارمەندە و دەستبەسەر کراوە، هاوکات داواش لە هاووڵاتی سەریاس عەونی کراوە، کە سکاڵای یاسایی لە پۆلیس تۆمار بکات بۆ ئەوەی مافی پارێزراو بێت.”
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، هاووڵاتییان و هەموو لایەکی دڵنیا كردووەتەوە، کە مافیان پارێزراوە و بەگوێرەی یاساش ڕێگەپێدراو نییە هیچ کەسێک ناوی دەزگا ئەمنییەکان بۆ مەرامی کەسی بەکار بهێنێت.