بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتنی چەند جۆرە باجێک راگیرا و بەڕێوەبەری گشتیی باج و دەرامەتیش لە وەزارەتی دارایی چەند زانیارییەک لەمبارەیەوە دەخاتە روو.
ئەمڕۆ سێشەممە 23/7/2024، کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باج و دەرامەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا بە راگرتنی وەرگرتنی %10ی باجی سەر چێشخانە و هۆتێلەکان و باجی سەر نانەواخانە و سەمونخانەکان.”
هەروەها ئاماژەشی بەوە دا کە هەر بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت، %5ی باجی سەر نەخۆشخانە ئەهلییەکان هەڵدەگیرێت و باجی سەر زەوی بەتاڵیش راگیرا.
بەڕێوەبەری گشتیی باج و دەرامەت روونیشی کردەوە کە بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت جووڵە دەخاتە بازاڕەوە و سەرجەم بڕیارەکانیش لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە.
دەقی بڕیارەکان:
1- ڕاگرتنی وەرگرتنی باج لەسەر چێشتخانەو هۆتێلەکان.
2- ڕاگرتنی وەرگرتنی باج لەسەر نەخۆشخانە تایبەتەکان.
3- ڕاگرتنی وەرگرتنی باج لەسەر سەمونخانەو نانەواخانەکان.
4- ڕاگرتنی وەرگرتنی باجی (ضریبة العرصات) واتا (باجی سەر زەویی بەتاڵ و زەویی بینا لەسەر نەكراو) کە لەیاسای (ضریبة العرصات) ژمارە 26ی ساڵی 1962 هەموارکراودا هاتووە،تاکو یەکلاکردنەوەی ڕێکخستنەوەی ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج لەگەڵ دامودەزگا ئیتیحادییەکان و هەموارکردنەوەی یاساکە.
