فەرماندەی ناوەندیی ئەمەریكا(سێنتکۆم) ئاشکرای دەکات، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو هێرشەكانی داعش بۆ دوو هێندە زیادی كردووە، دەشڵێت: ڕێكخراوەكە ئێستا خەریكی خۆ ڕێكخستنەوەیە.

فەرماندەی ناوەندیی ئەمەریكا ڕایدەگەیەنێت، لە مانگی یەك تا حوزەیرانی 2024 شكستیان بە داعش لە عێراق و سووریا هێناوە.

فەرماندەی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا ناسراو بە “سێنتكۆم”  لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كردووە، لە نیوەی ئەمساڵدا 137 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لە ‌دژی تیرۆریستانی داعش لە ‌عێراق و سووریا كردووە و چەندین سەركردەی ئەو گرووپە تیرۆریستییەیان كوشتووە.

ئاماژەی بەوەش كردووە، لە نیوەی ئەمساڵدا 137 ئۆپەراسیۆنیان دژی داعش لە عێراق كردووە و ڕێكخراوەكە ئێستا خەریكی خۆ ڕێكخستنەوەیە، ‌و لەم ماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەم ساڵدا داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە 153 هێرش لە عێراق و سووریا گرتووەتە ئەستۆ و بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو هێرشەكانی داعش بۆ دوو هێندە زیادی كردووە.

هەر بە پێی ئەو راگەیندراوە، زیادبوونی هێرشەكانی داعش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو گرووپە تیرۆریستیە‌ هەوڵ دەدات دووبارە خۆی ڕێكبخاتەوە.