پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد كە دەست كراوە بە قیرتاوكردنی رێگای دۆڵی بالیسان لە (سێریانى زینەتیر تاکو شکارتە)ی سنوورى ناحییەی بالیسان سەر بە قەزایی شەقڵاوە و گوژمەی پڕۆژەكە 7 ملیار و 500 ملیۆن دینارە.

پارێزگای هەولێر ئاماژەی بە ئەوە داوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پارێزگای هەولێر و گەیاندنی دەستی ئاوەدانی و لەپێناو خزمەتکردنی زیاتر هاووڵاتییان و گەیاندنی پڕۆژەکان بەشێوەیەکی یەکسان لەسەرجەم گوند و ناحییە و قەزاکان،   دووشەممە 2024.7.8، بە گوژمەى (7 ملیار و 698 ملیۆن و 562 هەزار دینار)، دەست کرا بە قیڕتاوکردنی ڕێگاى دۆڵى بالیسان لە (سێریانى زینەتیر تاکو شکارتە)ی سنوورى ناحیەی بالیسان سەر بە قەزای شەقڵاوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە “درێژایی ڕێگاکە (23.5) کیلۆمەترە و، بریتییە لە هەڵگرتنى هەموو ڕێگاکە و ڕاخستنی (5 چین) لە تێکەڵە و ڕاخستنی (2 چین) لە بەردی شکاو، پاشان دووبارە فەرشکردنەوەى بە هەردوو چینى قیڕکردنى جۆرى ستابلایزەر و بایندەر، ئەم پڕۆژەیە جگەلەوەی پڕۆژەیەکی ستراتیجی گرنگە و هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لە هەمانکاتدا خزمەتێکی زۆر پێشکەش بە هاتووچۆی هاووڵاتییانی دەڤەرکە دەکات.”