رۆژی پێنجشەممە شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە سەرۆکایەتیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، گەیشتە شاری هەولێر.

شاندە باڵاکەی عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقە و لەسەر داوای محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی شاری هەولێریان کردووە.

رۆژی چوارشەممە 10-07-2024 ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە و هێرشەکانی تورکیای لەنێو عێراق و هەرێمی کوردستان رەتکردەوە و رایگەیاند، دەبێت تورکیا رەچاوی دراوسێیەتی باش بکات، بڕیاریشیدا شاندێک بە سەرۆکایەتیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بەمەبەستی “یەکخستنی هەڵوێست.”