وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان، ڕایگه‌یاند زیاتر له‌ 70 ملیار دینار له‌ داهاتی نانه‌وتیی مانگی ئاداری هه‌رێمی كوردستان، خرایه‌ سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق.

له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا، وه‌زاره‌تی دارایی و  ئابووری، ئاشكرای كرد: دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 30/6/2024، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، كه‌ بڕه‌كه‌ی 70 ملیار و 131 ملیۆن و 250 هەزار دینار بوو، وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری ساڵی 2024، لەلایەن بەڕێوه‌بەرایەتی گشتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.