سهرهتا وتار بازاڕی ئازادی مەلزەمە لەقوتابخانەکاندا قەدەغە بكەن
ڕۆشنا عەلی
ساڵانێكی زۆرە مەلزەمە بۆتە مۆتەكەی پڕۆسەی خوێندن و فێركردن، بەجۆرێک کە جێگەی کتێبی گرتۆتەوەو تەنیا قوتابیش نا، بەڵکو بەشێک لە مامۆستایانیش پشت بە مەلزەمە دەبەستن و وەک جێگرەوەی کتێب مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، سەرەتای دروستبوونی مەلزەمە ئەوكاتە بوو، كە خەڵكی كوردستان لەوپەڕی نەهامەتی دەژیان و گەمارۆی ئابووری، قەیرانی لە هەموو شتێک دروست کردبوو، تەنانەت حکوومەت بەگشتی و وەزارەتی پەروەردە بەتایبەتی توانای چاپکردنی کتێبی خوێندنیشی نەمابوو، ئەوكات كتێبێكی شڕو دڕاوی خوێندن لە شەوێكدا دوو ماڵ و زیاتر دەستاودەستی دەكرد، بۆیە و بەناچاری هەندێك مامۆستای خەمخۆر هەستان بە نووسینەوەی بەشێكی ئەو كتێبانە بۆ قوتابییان، یاخود هەندێك دایك و باوك كە توانای داراییان باشتر بوو بۆ ئەوەی منداڵەكەیان ماڵەوماڵ نەكات، کتێبیان بۆ كۆپی دەكرد. ئەمە سەرەتایەکی خەمخۆرانە و چارەسەرێکی لاوەکی بوو بۆ قەیرانەکە، بەڵام بەداخەوە دواتر بووە بازرگانییەکی قێزەون و مەترسیدار لەسەر پرۆسەی خوێندن، تا ئەو ئاستەی کوردواتەنی مەلزەمە بووە باو و کتێب هاتە قڕان.
تا ئەوکاتەی کۆپیکردنی کتێب و دروستکردنی مەلزەمە ناچاری بوو، جێگەی ستایشە و هەوڵێکی خەمخۆرانە و ژیرانە بوو، بەڵام وردە وردە ئەم ناچارییە بوو بە پیشەو بازرگانی، كە ئێستا جێگەی سەرزەنشتە، ئەوكات بەشێكی زۆری مامۆستایان بە ناچاری بێت یان لە دڵسۆزی و یان بۆ بازرگانی پەنایان بۆ برد، كە بازرگانییەكە هێندە تەشەنەی كردووە هەندێك مامۆستای مەلزەمەنووس بە مەلزەمەكانیان دەناسرێنەوە و بە پێچەوانەوەیش هەندێك مەلزەمە نووسەرەكەیان بەناوبانگ كردووە، كە هیچێك لەوانەیش لەگەڵ شكۆی مامۆستا ناگونجێت و ناكرێ مامۆستا بە باوەشێك مەلزەمەوە بچێتە پۆل و بە قوتابیان بڵێت كێ مەلزەمە دەكڕێت.!؟
وێڕای ئەبدەیتكردنەوەی ساڵانەی زانست و زانیاری لەنێو پرۆگرامەكانی خوێندن، لە ئێستادا وەزارەتی پەروەردە هەموو ساڵێک بڕێکی زۆر پارە بۆ چاپکردنی کتێب خەرج دەکات و بە جوانترین دیزاین و لە باشترین چاپخانەكان پرۆگرامی خوێندن بە وێنەی ڕەنگاوڕەنگەوە چاپ دەكرێت، کەمیی کتێب لە هیچ شوێنێکی هەرێمی کوردستان نەماوە، بەڵام مەلزەمە هەر ماوەو زۆریش باوە، لە هیچ قوتابخانەیەكی هەرێمی كوردستان كتێبی كۆن نادرێت بە قوتابیان، هیچ قوتابییەك لە دەرەوەی قوتابخانە كتێب ناكڕێت، بەڵام مەلزەمە لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتییەوە تا پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ زۆرینەی مادەكان هەیە، بە واتایەكی دیكە دایك و باوكی قوتابی هەر لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتییەوە دەبێ بڕە پارەیەك بۆ كڕینی مەلزەمە خەرج بكات، ئینجا (مەلزەمەی فلان مامۆستا كورتتر و مەلزەمەی فلان مامۆستا ڕوونتر و مەلزەمەی فلان مامۆستا جوانتر و مەلزەمەی فلان مامۆستا خراپتر)ــە، گفتوگۆی گەرمی نێوان قوتابیانە، كە ئەوەیان زۆر جێگەی داخە و كەمكردنەوەی بەهای كتێب و بەهای پڕشكۆی مامۆستایانیشە بەگشتی.
پرسیارە گرنگ و بێ وەڵامەكە ئەوەیە، ئایا مەلزمە، كە كتێبی خوێندن سەرچاوەیەتی، باشتر نووسراوە و جوانترە، یان ڕوونترە یان زانیاری زیاترە و قەبارەی كەمترە..؟! كە قوتابی پێی وابێت لە كتێب باشترە و هەمووان هانای بۆ دەبەن..؟ ئایا وەزارەتی پەروەردە بۆچی لێی بێ دەنگە..؟ ئەگەر بەڕاستی مەلزەمە ئەوەندە باشە و جێگەی كتێبی گرتۆتەوە، كەواتە با بەڕێوەبەرایەتی گشتی پڕۆگرامەكان لەگەڵ هەر كتێب و پڕۆگرامێك مەلزەمەیەكیش چاپ بكات و لیژنەی دانانی مەلزمەش لە بەڕێوەبەرایەتییەكە لەو مامۆستایانەی مەلزەمە دەنووسنەوە، پێك بهێنێت، خۆ ئەوكات قوتابی تەنیا یەك مەلزەمەی دەبێت..! یان لەوەیش ئاسانتر ئەوەیە لەبری كتێب مەلزەمە چاپ بكەن و ڕاستەوخۆیش بە قوتابی بڵێن: ئێمە نامانەوێ فێری زانست و زانیاری ببن، بەڵكو دەمانەوێ لە تاقیكردنەوەكان دەربچن و هەر هێندە، چونكە مەلزەمە جیا لە وەڵامی پرسیارەكانی تاقیكردنەوە، هیچ میكانیزمێكی فێربوون لەخۆ ناگرێت و هیچ ڕوونكردنەوەیەكی زانستی تیانییە.
دیسان دەبێ بپرسین ئایا وەزارەتی پەروەردە لەم بازاڕە ئازادەی مەلزەمە بێ ئاگایە..؟ ئەگەر بێ ئاگا نییە بۆچی بیر لە چارەسەركردنی ئەم فەوزا مەلزەمەییە ناكەنەوە..؟ بۆچی ڕێگری لە سەدان جۆری مەلزەمە و دەیان مامۆستای ناسراو ناكەن..؟ بۆچی بیر لەوە ناكەنەوە، كە قوتابی بەجۆرێك سەری لێ شێواوە، هەیە 12 جۆر مەلزەمەی لە یەك وانەی خوێندن هەیە..؟ بەتایبەتی كاتێك قوتابی دەگاتە قۆناغی 12ـی ئامادەیی دەبێ هەموو مەلزەمەكانی هەبێت و بەراوردكارییش لە نێوان مەلزەمەی مامۆستا فلان و مامۆستا فلان بكات..! ئایا بەرپرسانی پەروەردە بیریان لەوە كردۆتەوە قوتابی فریای سەیركردنی چەند دانەیان دەكەوێت..؟! سەرەڕای ئەوەیش لە سەرەتای دەستپێكردنی خوێندنی پۆلی 12ـەوە، هەر مامۆستایەك دەچێتە پۆلەوە مەلزەمەیەك بە قوتابیان ساغ دەكاتەوە، ئەمە دیاردەیەكی هێندە نەشیاوە، ئەگەر هەموو كەس لێی بێدەنگ بێت، نابێت وەزارەتی پەروەردە، كە قوتابی بە موڵكی وەزارەتەكەی دەزانێت، لێی بێدەنگ بێت و ڕێگە بدات لەلایەن مامۆستایانی سەربە وەزارەتەكەی خۆیەوە، قوتابیان چەواشە بكرێن و بازرگانی بە چارەنووسییانەوە بكرێت.
وەزارەتی پەروەدە بۆ بنبڕكردنی ئەم دیاردەیە پێویستی بە بەڵگە نییە، تەنیا دوو فەرمانبەری وەزارەتەكە بە گەڕانێكی سەرپێی لەنێو پۆلەكانی خوێندن و سەردانێكی پەڕاوگەكانی ناوشار و نووسینگەكانی فۆتۆكۆپی، سەدان و بگرە هەزاران مەلزەمە بە ناونیشانی جیاواز و مامۆستای ناسراو دەبیننەوە، ئەگەر ئیرادەی بنبڕكردنی مەلزەمە و كۆتاییهێنان بەم دیاردە ناپەروەردەییە هەبێت، بە هەماهەنگییەكی سادە لەنێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردە و ناوخۆ، كە ئەوەی دووەمیان هەمیشە پاڵپشتێكی بەهێزی ئەوەی یەكەمیان بووە، دەتوانرێت بە جۆرێك قەدەغەی بكات، ئیدی مەلزەمە بەدەست یەك قوتابیشەوە نەبینرێت، ئەمە ئەو ئەركەیە كە دەبێت وەزارەتی پەروەردە و خەمخۆرانی پەروەردە دەستی پێ بكەن و ئەم بازرگانیی و بازاڕە ئازادەی مەلزەمە لە ناوەندەكانی خوێندن قەدەغە بكەن.