گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەزۆرینەی دەنگ پێشوازی لە وادەی دیاریکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەزۆرینەی دەنگ پێشوازی لە وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاری کراوە.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم ڕاشیگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی هەموو هاوکارییەکە بۆ پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی سەرکەتووانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە بڕگەی دووەم، لە ماددەی دەیەم، لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژمارە یەکی 2005ـی هەموارکراو، بڕیاریدا بە دەرکردنی فەرمانی هەرێمی ژمارە 222ـی ساڵی 2024، کە دیاریکردنی ڕۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق.