وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لێكۆلێنەوەی توند لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە دەكرێت كە خەڵكیان بە ڤیزای گەشتیاری برد بۆ حەج و بەڵێنی خزمەتكردنیان بە حەجخوزان دا، بەڵام بەڵێنەكەیان جێبەجێ نەكرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 24/6/2024، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان، لە كاتی پێشوازیكردن لە گەڕانەوەی یەكەم كاروانی حاجیان، راگەیاندووە، ئەوانەی لەرێگەی ڤیزای گەشتیاری و موجامەلە،چوونەتە حەج نزیكە 15 هەزار كەس چوونەتە سعوودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.
پشتیوان سادق روونی دەكاتەوە، 30حاجی لە سعوودیە گیانیان لە دەست داوە، 29 حاجی ئەوانە بوون كە بە ڤیزای گەشتیاری چوونەتە سعوودیە، هەروەها ئەوان تیمیان دروست كردووە و ئەوەی لە دەستیان هاتووە كردوویانە بۆ ئەوەی خزمەتی ئەوانیشیان بكەن.
وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە دا، لە رێگای داواكاری گشتیی و وەزارەتی ناوخۆ، لێپرسینەوە توند لەگەڵ كۆمپانیایانە دەكرێت، كە بەڵێنیان بە خەڵك دابوو، خزمەتی حەجخوزان بكەن لە سعوودیە، بەڵام بەڵێنەكەیان جێبەجێ نەكردووە.
پشكی هەرێمی كوردستان بۆ حەجی ئەمساڵ، چوار هەزار و 685 كەس بوو، لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان ، گەشتیان بۆ سعوودیە كرد، بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.









