
تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵی پۆلی 12ی ئامادەیی دەستی پێكرد و وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: “پێش تاقیکردنەوەکان هیچ حاڵەتێکی گزیکردن نەبووە.”
ئەمڕۆ یەكشەممە 23/6/2024، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا ڕایگەیاند: “كۆی ئهو قوتابییانهی بهشداریی تاقیكردنهوه گشتییهكانن، بریتین لە 122 هەزار و 15 قوتابی، بهسهر دوو ههزار و 115 هۆڵدا دابهش كراون، سوپاسی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ ئامادەباشییان، هەروەها ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگاری هەولێر هۆڵی تاقیکردنەوەی ئامادەی کوردستانی کوڕانمان بەسەر کردەوە، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە هاوکارن لە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە لە هەرێمی کوردستان.”
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش دا: “پێش تاقیکردنەوەکان هیچ حاڵەتێکی گزیکردن نەبووە و دوای ئەوەی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان دەست پێدەکات، هەر حاڵەتێک هەبووبێت کە هەر باندێک ویستبێتی قوتابیان فریو بدات، لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەپێی پلانێکی ورد لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان، لە ئاسایشی سلێمانی و هەولێر و دهۆک، لە هەموو ئیدارە سەربەخۆکانیش، هاوکارێکی ڕژدی وەزارەتی پەروەردە بوون.”
ئالان حەمە سەعید ڕوونیشی كردەوە، كە بە بەردەوامی هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاکانی ئەمنییەکان هەیە، هەر کەسێک هەر کارێک بکات، ئەوان تیمێکی چاودێریان لە وەزارەتی پەروەردە هەیە، ئەو تیمە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایش، تەواوی ئەو پێگە و تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی ئەوان هەیانە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و هەر کەسێکیش دزە بە پرسیارەکان بکات، دەدرێت بە ئاسایش و وەزارەتی پەروەردەش بە فەرمی سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکات.
ئەوەشی خستە ڕوو، پێش تاقیکردنەوەکان و لەناو هۆڵی تاقیکردنەوەکان ڕێکارەکان دەگیرێتە بەر، گوتیشی: “ئێمە لە هیچ کەسێک نابوورین، کە یاری بە هەستی قوتابیان بکات و هانی فریودانیان بدات.”
ئەمڕۆ تاقیكردنهوه گشتییهكانی بۆ پۆلی دوازدهی ئامادهیی به ههموو بهشهكانی زانستی، وێژهیی و پیشهیی له ههرێمی كوردستان بهڕێوه دهچێت، كۆی ئهو قوتابییانهی بهشداریی تاقیكردنهوه گشتییهكان دهكهن، 122 هەزار و 15 قوتابین و بهسهر دوو ههزار و 115 هۆڵ دابهش كراون.