دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە جەژنی قورباندا، حەوت ملیار دیناریان لە پڕۆژەكانی خێرخوازی خەرج كردووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی رای گەیاند، بۆ جەژنی قوربان هاوكاریی مادی و خۆراكیان بەسەر زیاتر لە 600 خێزان و 15 هەزار منداڵ دابەش كردووە.
دەزگاكە لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، لە پڕۆژە خێرخوازییەكانی دەزگاكە، زیاتر لە حەوت ملیار دیناریان خەرج كردووە، ئەم خەرجكردنەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی هاوكاریكردنی منداڵانی ئازیزدا، 15 هەزار و 245 منداڵ بەبڕی چوار ملیۆن و 575 هەزار دۆلار هاوكاری كراون.
هەر لە پڕۆژە خێرخوازییەكانیدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوكاریی نەختینەیی بەسەر زیاتر لە 600 خێزان دابەش كراوە و لە پڕۆژەیەكی تریدا سەبەتەی خۆراك بەسەر 500 خێزان دابەش كراوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە، پڕۆژەكانی لە باشووری كوردستان گەورە و گرنگن و تەنانەت بۆ پارچەكانی تری كوردستانیش پڕۆژەیان هەیە و ئێستە یارمەتیی كوردستانیان دەدەن، دەزگاكە دەڵێت بۆ جەژنی قوربان، جلوبەرگی بۆ 596 منداڵ دابین كردووە.