کەنار جەمال- خەبات / مۆسکۆ
رۆژی سێ شەممە 18-ی حوزەیرانی 2024 لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، بەبۆنەی ٧٧ -مین ساڵیادی پەڕینەوەی مەلا مستەفا بارزانی و هاوەڵانی لە رووباری ئاراس، پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی و سەنتەری بارزانی، لە هۆڵی پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی پانێڵێکیان بەڕێوەبرد.
لە گفتوگۆکانی پانێڵەکەدا بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی، پسپۆڕ و شارەزایانی رووس و کورد، باسیان لە رێڕەوە مێژووییەکەی مەلا مستەفا بارزانی و هاوەڵانی بۆ یەکێتی سۆڤیییەت کرد.
سەرەتا کیریل ڤێرتیایێڤ، سەرۆکی بەشی کوردناسی لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی ئاماژەی بە چەندین سەرچاوەی گرنگی زانستی هەنوکەیی و مێژوویی کرد. گرنگییەتی ڕۆلی کورد و بارزانی خستەروو، ناوبراو باسی بیرەوەرییەکانی گەورە بەرپرسی هەواڵگری سۆڤێیەتی جاران سودەپلاتوڤی کرد، کە چۆن وەکو نوێنەری دەسەڵاتی رووسیا بۆ چەندین جار بارزانی نەمری بینیوە و گوێی لە خواستەکانی گرتووە. ڤێرتیاێییڤ باسی لەو بەرپرسە هەواڵگرییە کرد کە لەمێژوی یەکێتی سوڤییەتدا بە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سۆڤێیەت ناسێندراوە، کە وتویەتی تا کۆتایی ساڵی ٥٠ کان تاکە هاوپەیمانی رووسییا کورد بوون و لەو کاتەشدا کەسایەتی و سەرکردەی هەرە ناسراو بارزانی نەمر بووە.
پاشان د.ڤەدیم مەکەرێنکە، لێکۆڵەر و کوردناسی رووس گوتی: رێکخستنی ئەم پانێڵە، نیشانەی گرنگیدانمانە بە خەباتی مەلا مستەفا بارزانی .
د.ڤەدیم مەکەرێنکە دەشڵێت، هاتنی مستەفا بارزانی لەگەڵ هاوەڵانی بۆ ناو خاکی یەکێتی سۆفێتی جاران، ساتێکی گرنگ بوو، چونکە لەم کاتەوە پەیوەندییەکی مێژوویی دروست بوو، لە سەر خاکی سۆڤێت هێزێکی کاریگەری کوردی هەبوو، بۆیە بەردەوام بیریان لەوە دەکردەوە چۆن کەڵکیان لێوەربگرن و چۆن پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکان بدەن، ئەگەر ئەو پەیوەندییە نەهاتایەتە ئاراوە رەنگە هەندێک پرس و بابەت سەریان هەڵنەدایە، چونکە سەرۆکایەتی سۆڤێت هەڵسەنگاندنی بۆ بەکارهێنانی هێزەکەی مستەفا بارزانی کرد لە ساڵآنی ١٩٥١ و ١٩٥٣ دا. ساڵی ١٩٥٨ کاتێک لە ئێراق شۆڕش ڕوویدا، یەکێتی سۆڤێت پشتیوانی لە کوردەکان کرد، هاوکات پشتیوانی لە هێزی بەرەی شۆڕش و عەبدولکەریم قاسم کرد، لەم هاوکێشەیەدا مستەفا بارزانی سەرکردەیەکی گرنگ بوو، بەبێ ئەو زۆرێک لەو ڕووداوانە روویان نەدەدا، ئەوەش دەرفەت بوو هاوکات ڕێخۆشکەر بوو بۆ رەوشی کوردستانی ئێراق، هەتا ساڵانی ١٩٧٥ یەکێتی سۆڤێت هەوڵیدەدا هاوکاری بۆ پارتی دیموکرات و مستەفا بارزانی درێژە پێبدات بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی دەهاتنە پێش، لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی لە سەر ئاستی ئێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دواتر بەشێوەیەکی بابەتی و زانستیانە، رۆڵ و پێگەی مەلا مستەفا بارزانی، لە بە نێودەوڵەتیکردنی پرسی کورد و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و گەلی کورد سەرنجی وردیان لەبارەیەوە خرایەڕوو.
د.خۆشەوی مەلا ئیبراهیم، سەرۆکی سەنتەری بارزانی لە رووسیا گووتی، رۆژی 17-ی حوزەیرانی 1947 بارزانی و تەواوی هەڤاڵانی لە رووباری ئاراس پەڕینەوە و گەیشتنە ناو خاکی سۆڤێییەت . د.خۆشەوی ئەوەشی خستەروو، کە کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەم رۆژە، بە رۆژی دۆستایەتی کورد و رووسیا بناسێندرێت.
د. خۆشەوی لە پانێڵەکەدا زانیاری زیاتری پێشکەش کرد و گووتی: بە هاتنی بارزانیەکان بۆ ناو بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لە ڕۆژهەلات، توانرا ئەو بزووتنەوەیە و کۆماری کوردستان، ببێتە بەشێک لە هاوپەیمانی دژی هیتلەری . هەردوو کۆماری کوردستان لە مهاباد و ئازەربایجان توانیان، کە ئێران بە گشتی بکەنە بەشێک لەو هاوپەیمانییە دژ بە هیتلێر، هەروەها کورد بەشدارییەکی گرنگییان لە دابین کردنی ئەمنیەت و گەیاندنی یارمەتی و گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی لە خەلیجەوە بۆ یەکێتی سۆڤییەت کە بە ناوی لەند لیز ناو دەربردرا ئەنجام بدەن. هەروەها بارزانی و هەڤالانی بە دژی تورکیا، ئێران و عێراق بەرگرییان لە خۆیان دەکرد و کێشەی کوردی لە ئەنجامدا ئەو چالاکییانە بون بە ئاستێکی نێو دەولەتی، و تەنانەت وەزیری دەرەوەی یەکێتی سۆڤییەت لە ڕێکخراوی یو ئێن باسی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی کوردی لە کۆبوونەوەکانی ئەو ڕێکخراوەیە کرد و چارەسەری کێشەی کوردی بە مافی ڕەوای گەلی کوردی ناساند.
سەرۆکی سەنتەری بارزانی گوتیشی، لە یەکێتی سۆڤییەت و هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان چاوەرێی گەرانەوەی بارزانییان دەکرد و بۆیە بارزانی نەمر و هەڤالانیان خەویان لە چاوی دوژمنان زراندبوو، چونکە دووژمنان نەیان دەزانی کەی لە چ شوێنێک بارزانی دەردەکەوێت. بارزانی ببوە هیوایەک بۆ هەموو کوردەکان تەنانەت کوردانی یەکێتی سۆڤییەتیش. بۆ نمونە لە سالانی دەسەلاتی محمد موسەدقدا بریار بوو کە بارزانی و هەڤالانی بۆ یارمەتی کورد بگەرێنەوە ئێران، بۆیە دوژمنان زۆر بە ترس و حەزەرەوە چاودێری هەموو جوڵایەکی بارزانییان دەکرد.
دواتر ستانیسلاڤ میخایلەڤ، شارەزای کارووباری کوردستان باسی لە پێگە و رۆڵی بارزانی نەمر کرد لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، ستانیسلاڤ گووتیشی: ئەوەی کورد بەدەستی هێناوە و لە داهاتووش بەدەستی دەهێنێت هەموو شوێن پەنجەی مەلا مستەفا بارزانی بەسەرەوە، چونکە ئەو بەردی بناغەی داناوە.
دواتر رۆمانوس و مامۆستای زانکۆ بابێ نازێ گووتی :باڤێ نازێ روما ننوسی بەناوبانگی کوردیش بە کورتی باسی ڕۆڵی هەرە گرنگی بارزانی کرد و گووتی، کە بارزانی نەمر بوو، کە کوردی لە کۆیلایەتی و ژێر دەستی رزگار کرد و متمانەی بڕوا بە خۆبوونی بۆ تاکی کورد گەراندەوە.
رێکخستنی ئەم پانێڵە بۆ باسکردن لە پەڕینەوە لە رووباری ئاراس، دەرخەری ئەو راستییە، کە ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکانی رووسیا، رۆڵ و پێگەی مەلا مستەفا بارزانی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان بەرز دەنرخێنن.