ئەمڕۆ پێنجشەممە 13/6/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە لەیلا بەکر، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەرێمایەتی سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوانی وڵاتانی عەرەبی کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کار و پڕۆژە و چالاکییەکانی سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی گەشەپێدان و پەرەپێدانی تواناکانی ئەنجامدانی ئامار و سەرژمێریی دانیشتووان کرا، بەتایبەتی کە بڕیارە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ سەرژمێریی گشتیی لە عێراق ئەنجام بدرێت.

جەخت لە پێویستیی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان کرایەوە، لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی سەرژمێری، کە پێویستە تەنیا بۆ مەبەستی گەشەپێدانی دانیشتووان بێت و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لە هەر ئامانجێکی سیاسی ئەنجام بدرێت.