فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی هەواڵێكی ناڕاستی كەناڵی NRT بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 11/6/2024، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە: “كەناڵی (ئێن ئاڕ تی) هەواڵێکی بڵاو کردووەتەوە، گوایە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سکاڵای لەسەر کەناڵەکە و پەیامنێرەکەیان تۆمار کردووه، لێرەدا ڕایدەگەیەنین کە سکاڵاکە هیچ پەیوەندیی بە سەرۆکی حکوومەتەوە نییە و هی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە، لەسەر هەواڵيکی بێبنەما و ناڕاست کە کەناڵەکە بڵاوی کردووەتەوە، گوایە بانکی منارە لە هەولێر 960 ملیار دیناری تێدایە و بۆ مووچە بەکار نایەت، بۆیە وەزیری دارایی و ئابووری داوای تۆمار کردووە و پەیامنێرەکەش هەر دوێنێ بە کەفالەت ئازاد کراوە.”
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەوەشی خستووەتە ڕوو: “پێویستە ئەو كەناڵە لەسەر بنەمای پیشەییبوون و پابەندبوون بە ڕێساكانی كاری میدیایی، خۆی لەو جۆرە هەواڵانە بەدوور بگرێت و بەر لە بڵاوکردنەوە، لە ناوەڕۆکی پەیامەكانی دڵنیا بێتەوە.”