
ئەمڕۆ سێشەممە، ١١ی ٦ی ٢٠٢٤، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە بەهۆی پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە تەواوی ڕێنماییە تەندروستییەكانی جیهانی و ئەو هەماهەنگییەی لە کاتی پەتا و سەرهەڵدانی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکاندا سەر هەڵدەدەن، هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندێکی دیکەی زیادکراو لە ڕیزی ناوەندە تەندروستییەکانی جیهاندا و هەروەها بەشداریکردنی وەزیری تەندروستی و ناوەندە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بەتایبەتی لە ژنێف.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، کە هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ ڕێکخراوەکە بەردەوام دەبێت، دوای ئەو هەوڵ و هەماهەنگییانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتا جۆراوجۆرەکان هەبوو، بە تایبەت لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەش کرد، کە ئەوان هەمیشە لەسەرهێڵ دەبن بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەكانی جیهانی، بۆ خزمەتکردن بە تەواوی کەرتی تەندروستی و تەواوی مرۆڤایەتی، چونکە وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە دوایین کۆبوونەوەدا، کە لە ژنێف بەڕێوە چوو، بەشداریی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کردووە، لەژێر ناونیشانی هەموان بۆ تەندروستی و تەندروستیش بۆ هەموان.
لە لایەن خۆیشییەوە، دکتۆر جۆرج فریدکی، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق، گوتی: ”ئێمە لە لە هەوڵەکانمان بۆ هەماهەنگیكردنی سیستمی تەندروستیی جیهانی بەردەوام دەبین و عێراقیش هەنگاو بەرەو فراوانكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی دەنێت“، بەڵام ئەوان بە سەرسامییەوە دەڕواننە سیستمی تەندروستیی کوردستان و ئەو هەماهەنگییەی، کە بۆ بابەتی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە ئاستی حکوومەت و ناوەندە تەندروستییەکاندا هەیە، هەروەها ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی پێشکەش بە هاووڵاتییانی دەکات، چ هاووڵاتییانی ناوخۆی كوردستان، چ ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان کردووە.