پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پەرستگەی لالشی لە قەزای شێخان کرد و لەلایەن میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزیدییان لە کوردستان و جیهان و جڤاتی ڕوحانیی پێشوازی لێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە ئێزیدی و ئێزیدییەکان، یەکێک لە ئایین و پێکهاتە ڕەسەنەکانی کوردستانن و هەرچی پێمان بکرێت لە پێناو زیاتر خزمەتکردنیان ئەنجامی دەدەین.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی و پێویستیی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان کرد بە سەربڵندی بۆ شوێنەکانیان.
سەرۆکی حکوومەت گوتیشی؛ شنگال وەک هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێم، بۆ ئێمە زۆر گرنگە و بابەتی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە، یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی دانوستانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال، کە داوا دەکەین لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان کێشەکانی ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێت.