جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی وەک شوناسێکی نەتەوەیی

447

عەباس غەزالی میرخان

من ئیتر ماهووت و شاڵی ئەجنەبی ناکەم لەبەر
ڕانکوچۆغەی خۆم لە بووزووی ڕەنگی شاڵی خۆم دەکەم
«هێمن»

(دوویەمین فیستیڤالا زاخۆ یا شەلوشەپک و جلوبەرگێن کوردی)
سوپاسی ڕێکخەرانی دووەمین فیستیڤاڵی شەلوشەپک و جلوبەرگی کوردی لە شاری زاخۆ دەکەین کە بەو کارەیان هەم مانا و نیشانەکانی فەرهەنگی و نەتەوەیی وەبیر دێننەوە و پارێزگاری لە شوناسی کۆمەڵایەتی و کەلتووری دەکەن، هەم ڕۆژێکی لەیادداماو و شاد بۆ خەڵک ڕێک دەخەن. بەرگی کوردی بەگشتی ئەوەندە بەهادار و واتادارە کە شایستەی ئەو جۆرە مەڕاسیمانەیە. ئەم جلکوبەرگە جوان و سەنگینە، جگە لەوەی بۆ داپۆشینی مرۆڤی کوردە، وەک هێمایەکی فەرهەنگیی دێتە هەژمار و واتای شوناسی نەتەوەییەکی سەربەخۆی تێدایە. لە ڕووی شێواز و ڕەنگەوە پەیامی گرێدراوێتیی تاکی کورد بە باوەڕەکانی و بە جوگرافیا و ئاووهەوای کوردستانی پێوەیە. ئەم بەرگە هەم بۆ کاتی کار دەبێت و هەم بۆ کاتی بەرگری و جەنگ هەم بۆ ئەڤین و ئەڤینداری، بۆیە لە مێژووی کۆنەوە تا ئێستا سیمبولی بەرخۆدان و پێشمەرگایەتییە. هەروەها ئەو بەرگە جوانە دەیان وشەی تایبەت بەخۆی لە ناو زمانی کوردیدا ڕسکاندووە.

ئەم شەلوشەپکە (ڕانکوچۆغە) وێنەی شارستانییەتی نەتەوەی کوردیش دەخاتەڕوو، چونکە پیشەسازیی ڕستن و چنینی خۆماڵی بە دەستی ژن و پیاوی کوردی تیدا دیارە و تا ئێستاش بەشێکە لە ئابووری ناوخۆیی و دەکرێ لە ئایندەدا گەشە بکات. بە تایبەتی زاخۆ کە بۆتە برەندێکی شەلوشەپکی تایبەت بە خۆی، دەتوانێ خزمەتێکی زیاتر بە ئابووری و فەرهەنگیی ناوچەکە بکات. بەم نیگایە پێویستە بگەینە ئەو باوەڕە کە وەک ژاپۆنییەکان بە کەلتووری نەتەوەیی و خۆماڵیشەوە دەتوانین بەرەو سەرکەوتن و پێشکەوتن هەنگاو بنێین.

لە ڕوانگەیەکی دیکە، هەموو پارچە و ناوچە و زاراوەکانی کوردستان یەک فۆڕمی جلوبەرگی کوردی، بە مۆدێلی جیاوازیان، هەیە کە گۆیای یەکبوون و نەتەوەیی بوونی گەلی کوردە و کەس ناتوانێ سنووری زەینی و کەلتووری لە نێوان کوردستان دابنێت. هەروەها ئەو فەرهەنگە کوردییە، کە لە ڕەنگاڵەی جلوبەرگی ژنانی کورد خۆ دەنوێنێ، پێکەوەژیانی ساز کردووە. کورد کە بە هۆی جیاوازیی نەتەوەییەوە ستەمی لێکراوە و زۆر جار کەلتووری خۆی لێ قەدەغە کراوە، هێشتاش کۆڵی نەداوە و شانازی بە فەرهەنگی ڕەسەنی خۆیەوە دەکات و ڕێز لە کەلتووری هەموو خەڵکی جیهان دەگرێت. کورد کە پۆششی تایبەت بەخۆی هەیە و جیاوازە لە نەتەوەکانی دیکە، بۆیە جیاوازیی کەلتووری بە مانای دەوڵەمەندیی مرۆڤایەتی دادەنێت و ناتوانێ جیاکاری لە نێوان پێکهاتەکاندا بکات.

زاخۆ ١٥/٥/٢٠٢٤