خەبات: مسلم دۆلەمەری:- ماوەی چەندین ساڵە دەبینین بەهۆكاری جیاجیا قەبارەی زۆربەی خێزانەكانی كورد لە هەرێمی كوردستان لە بچووكبوونەوەدایە، بەمەش كاریگەری زۆری لەسەر ئایندەی نەتەوەی كورد دەبێت لە زۆربەی بوارەكاندا بەتایبەت لەكەمبوونەوەی ڕێژەی جەماوەری نەتەوەی كورد لەعێراق بەگشتی بەوەی كە هەموو ململانێی سیاسی و ئابوورییەكان بە پێوەری دانیشتووان هەڵدەسەنگێندرێن ئەوە لە حاڵەتێكدایە كە ژمارەی ئەندامانی خێزان لەلای گەلی عێراق دوو و سێ هێندەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانە. لەم ڕاپۆرتەدا هاووڵاتیان باس لە هۆكار و كاریگەرییەكانی ئەم بابەتەدەكەن.
مامۆستا عیسا سادق لەسەر ئەو باسە دەڵێت: خێزان وەك پێكهێنەری سەرەكی هەر كۆمەڵگایەكە و دروستكەری بنەڕەتی پەیوەندی كۆمەڵایەتییەكانە و نەوە لە دوای نەوە ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لەپێشخستنی وڵاتەكەی لە گشت ڕوویەكەوە، بۆیە هەر گۆڕانكارییەك لە خێزان ڕووبدات ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئایندەی وڵاتەكە دەكات لە گشت ڕوویەكەوە بەتایبەت لە بواری ڕێژەیی وڵات.
بەداخەوە ئێستا دەبینین بە گشتی خێزانەكانی كوردی خۆمان قەبارەی خێزانەكانیان زۆر بچووك كردۆتەوە لەبەر چەند هۆیەك لەوانە (خراپی باری دارایی و خەرجی زۆر و داواكاری زۆری منداڵانی ئێستا ـ سەركێشی منداڵی ئێستا و گوێ نەدان بە دایك و باوك و كەسی لەخۆی گەورەتر ـ بێكاری و نەبوونی دەرفەتی باشی كار بۆ ئایندەی منداڵەكانیان) ئەمانەو چەندین هۆكاریتر، بەمەش كاریگەری زۆر لە سەر ئایندەی وڵاتەكەمان دروستدەكات وەك (كەمبوونەوەی ڕێژەیی نەتەوەی كورد لەبەرامبەر نەتەوەكانیتری عێراق بەگشتی و عەرەب بەتایبەتی ـ پیربوونی كۆمەڵگەی كوردی لە چەند ساڵی داهاتوودا ـ كەمبوونی گەنج و هێزی كاری پێویست بۆ زۆربەی كارەكانی دەوڵەت).
فەرەح شێروانی بەمشێوەیە ڕای خۆی دەخاتەڕوو: كاریگەری بچووكبوونەوەی خێزانە كوردەكان دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ژمارەی كوردەكان لەبەرامبەر نەتەوەكانیتری عێراق و بەمەش جیاوازی نەرێنی دروستدەكات لە كەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی نەوەی كورد لە ڕووی سەربازی و سیاسی و كۆمەڵایەتی بەگشتی. ئەم بچووكبوونەوەیە چەند هۆكارێكی هەیە لەوانە ( ئابووری ـ كەمی خۆش گوزەرانی خەلك ـ نەبوونی متمانە بە ئاسایشی ناوچەكە و ترس لەئاوارەبوونەوەی گەلی كورد ـ قورسی و بارگرانی پەروەردەی ئێستای منداڵان لەسەر شانی دایك و باوكان) بەم كەمبوونەوەیەش ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەی كورد دەبێت، چونكە بچووكبوونەوەی خێزانەكانی كورد واتە كەمبوونەوەی نەتەوەی كورد بەرامبەر بە نەتەوەكانیتری عێراق، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندار ئەم گرفتە بەجدی وەربگرن وكاری جدی بۆبكەن. پاڵپشتی خێزان و دابینكردنی ژیان و داهاتووی منداڵان وەك پلانێكی پەروەردەیی و پێگەیاندیان ئەركی بنەماڵەكان سووكتر دەكات و دڵنیابوون لە داهاتووی منداڵان ترسی زۆربوونی ژمارەی منداڵان لای خێزان كەمدەكاتەوە، بەمەش دەتوانین وەك ساڵانی پێشووتر شایەتی خێزانی گەورە و منداڵانی زۆر لەهەر خێزانێكدا بین.
سومەیا ڕزگار بە هەستیاری زۆرەوە لەو بابەتە دەڕوانێت و دەڵێت: بچووكبوونەوەی هەرخێزانێك دەكرێت بەچەند هۆكارێك پۆلین بكەین لەوانە (هۆكاری ئابووری ـ هۆكاری كۆمەڵاتی و پەروەردەیی و…) ، بەڵام پێموایە دوای شەڕی داعش لە ساڵی 2014 بچووكبوونەوەی قەبارەی خێزانی كوردی بەڕێژەیەكی زۆر بەرچاودەكەوێت ئەویش لەبەر نەناردنی بەشە بودجەی كوردستان لەلایەن بەغداوە و جێگیرنەبوونی باری ئابووری خەڵك و دڵنیانەبوونیان لە بەخێوكردنی خێزان و منداڵ بە شێوەیەكی شایستە، جگە لەمە كۆچكردنی بەشێكی زۆری لاوان و خێزانەكانی كوردستان بۆ دەرەوەی وڵات كە هۆكاری كەمبوونەوەی هاوسەرگیرییە لە نێوخۆ یان ئەوەیكە زۆر لە هاوسەرەكان بە بیانووی خوێندن و نەبوونی كات منداڵ ناخەنەوە. بەپێی ئاماری 2003 عێراق بەگشتی 23 ملیۆن كەس بووە لەوانەش 4 ملیۆن و300 هەزار كەسی كورد بووە، بەڵام لەساڵی 2019 ئامارەكە گۆڕاوە، عێراق بووەتە 39 ملیۆن كەس وكوردیش 5.8 ملیۆن كەس واتە ڕێژەی كورد دەكاتە 14,8 لەسەدای عێراق بەمەش ڕێژەی كورد زۆر كەمیكردووە، پێموایە ئەگەر تا 2050 وابڕوات ڕێژەی كورد زۆر كەمدەكات و دەبێتە 7%ی عێراق كە ئەمە زیانێكی زۆری بۆ كورد دەبێت و پێویستە ڕێگاچارەكان لەئێستاوە بگیرێنەبەر تا لە داهاتوودا پەشیمان نەبینەوە.
فەرسەت دۆلەمەری لەوبارەیەوە گوتی: ئەگەر چاوێك بە چەند ساڵێك پێش ئێستادا بخشێنینەوە ئەوا دەبینین قەبارەی خێزانە كوردەكانمان زۆر بچووكبوونەتەوە لە 10 كەس بۆ پێنج كەس یان زۆر كەمتر، ئەمەش لەزۆر ڕوویەوە زیانی دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان جا چ لە ڕووی كەمبوونەوەی ڕێژەی دانیشتووانی كورد لە بەرامبەر عەرەبدا كە زۆر گرنگی بە گەورەكردنی قەبارەی خێزانەكانیان دەدەن، بە مەیش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دەستی كار و هێزی سەربازی و هەڵكشانی تەمەنی گەلی كورد لە بەرامبەر عەرەبدا، هۆكاری ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ كەمبوونەوەی ئابووری خێزانی كوردی و كەمبوونەوەی توانای پەروەردەیی منداڵان لە دابینكردنی پێداوبستییەكانیان بەتایبەت تەمەنی لاوی و پرۆسەی هاوسەرگیریان كە خەرجێكی زۆر دەخاتە سەر شانی دایك و باوكانیان بەمەش وادەكات دایك و باوكان تا مردن لە ژێر قەرز و ماندوبوون و خەرجی منداڵەكانیاندابن، بەوەی كە گەلی كورد زیاتر بەرەو پێشكەوتنەكان هەنگاوی ناوە و چۆنیەتی پەروەردەی زۆری بەلاوە گرنگە لە حاڵەتێَكدا ئەو كلتوورە لای عەرەب بێڕەنگترە و زۆر گرنگی بە چۆنیەتی بەخێوكردن نادەن و ڕەنگە بارودۆخی زۆر خێزانی ئێمە كە ناهێڵن لە دوو تا سێ منداڵ زیاتریان ببێت لەو خێزانە عەرەبانە باشتر بێت كە ژمارەی ئەندامانیان هەشت تا دە كەسە، بۆیە دەبێ حكوومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندارەكان پلان و بەرنامەیان هەبێت و هاوكاربن بۆ ئەوەی خێزانە كوردەكان وەك عەرەبەكان قەبارەی خێزانەكانیان گەورە بكەنەوە وەك ساڵانی ڕابردوو.










