پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 6/5/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی ڕابردووی بەسەرکردەوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی کرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتیشی ڕاسپارد کە لە زووترین کاتدا، لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونە بە رێنوێنییەکان یان دەستێکی خراپکاری لە پشتە.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها داواشی لە دووکانداران و کاسبکار و هاووڵاتیان بەگشتیی کرد کە ڕێکارەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی چیتر ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە دووبارە نەبنەوە.
هەروەها گوتیشی: “بەپێی توانا، هاوکاری هەموو زیانلێکەوتووانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەکەین و یارمەتییان دەدەین.”
ڕوونیشیکردەوە کە ئەم بازاڕە، شوێنەوارێکی مێژووییە و هەوڵدەدەین بە ڕاوێژ و هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان نۆژەنی بکەینەوە.