پارێزگای هه‌ولێر له‌باره‌ی سووتانی بازاڕی قه‌یسه‌ریی هه‌ولێر ڕاگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو 2024.5.5، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، دەمودەست تیمەکانی (بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، زێڕەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی) گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بە هەوڵى ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، دواى کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکە لێژنەیەکى تایبەت بە خەمڵاندنى زیانەکان پێکهێنرا و بەپێى دواین ئامار لە کۆی زیاتر لە (4000) دوکان، (227) دوکان و (7) کۆگایى بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشتووە، ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەر و زیانەکان دەست بە پاککردنەوەى تەواوی بازاڕەکە کراوە.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، سوپاس بۆ خودا لە ڕوودانی ئەو کارەساتە، جگە لە زیانی دارایی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆى قەرەباڵغێەکى زۆرى هاوڵاتیان لە شوێنى ڕووداوەکە، (132) کەس لە ئەفەسەر و کارمەندانی بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاوڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو و هەرزوو لە لایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە (117) كەسيان چارەسەرکران و (15) كەسى تريشان کە پێویست بوون گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەى فریاکەوتن و چارەسەری پێویستیان بۆ وەرگیرا.

هاوكات ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌، وێڕای دەستخۆشیمان لە تیمەکانی (بەرگریی شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی، قایمقامییەتى ناوەندى، پۆلیسى شارەوانى، قەیرانەکانى پارێزگا، دەزگاى خێرخوازىی بارزانى، ژینگە پارێزى) لە بەرامبەر هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و بە هاناوەچوونی دوکاندار و زیانلێکەوتووانى بازاڕه‌کە، هاوڵاتیانی شارى هەولێر دڵنیا دەکەینەوە، لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و خەمڵاندنى قەبارەی زیانە ماددییەکان پێکهێنراوە و لەم نزیکانە دەرەنجامەکانى ئاشکرا دەکرێت.