قایمقامی هەولێر ڕایگەیاند، لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگرەکەی دوێنێ شەو، زیاتر لە 370 دووکان بەتەواوی سووتاوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی ئایاری 2024، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر ڕايگەیاند، ئەو ئاگرەی دوێنێ شەو دروستبوو لەناو بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر، ڕاستەوخۆ تیمە خزمەتگووزارییەکان و هێزە ئەمنییەکان، بەرگری شارستانی و زێرەڤانی، تیمەکانی تەندروستیی لە ژێر سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر بوونیان هەبوو، توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

بەگوتەی ئەو قایمقامە، “لە قەیسەری شاری هەولێر نزیکەی چوار هەزار دووکان هەیە، بەڵام بەداخەوە بەپێی ئەو ئامارگیریەی سەرەتاییەی کە  ئەمڕۆ لەلایەن تیمەکان کراوە، زیاتر لە 370 دووکان بەتەواوی سووتاوە. کە دەکاتە ڕێژەی 10% بازاڕەکە”.

نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: “ئاگرەکە دوێنێ شەو کۆنتڕۆڵکرا، بەڵام زۆربەیان دووکەڵیان تا ئێستە ماوە، ئەو لیجنە لێکۆڵینەوەیەی دوێنێ شەو پێکهێنراوە، هەر دوێنێ شەو دەستیان بە کارەکانی خۆیان کرد. لیجنەیەکی تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕوودانی ئاگرەکە، دواتر هۆکارەکە ڕادەگەیەندرێت. “