وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە پاش هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر کە بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا، ئێستا دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە.
ڕۆژی هەینی (3ـی ئایاری 2024) ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: “بەڕێکردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ئاسایی بووەتەوە، 95%ـی پێدانی کارەباش ئاسایی بووەتەوە کە ئێستا سێ هەزار و 600 مێگاوات بەرهەم دێت”.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشکردووە: “کاتەکانی پێدانی کارەبا لە هەندێک شوێن لە 18 – 19 کاتژمێر نزیک بووەتەوە و کەمترین پێدانیش 15- 16 کاتژمێرە”.
هەر ئەمڕۆ کۆمپانیای دانەگاز ڕایگەیاند: ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتووەتەوە سەرووی 500 ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی و هەزار و 100 تۆن گازی شل و 15 هەزار کۆندەنسەیت و دووپاتیشی دەکاتەوە، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان.